لە دەربەندیخان دژی داگیرکارییەکان ڕێپێوان ئەنجامدرا

لە شارۆچکەی دەربەندیخان دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بە دروشمی "نا بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان" هاوڵاتیان ڕێپێوانیکیان ئەنجامدا.

ناوەندی هەواڵ

 

دواینیوەڕۆی دوێنی ٨ی حوزەیران، لە نزیک گەراجی هۆرێن لە شارۆچکەی دەربەندیخان، بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی کاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان لە دەربەندیخان و بە دروشمی "نا بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان"، "نا شێواندنی سروشت و ژینگەی کوردستان"، هاوڵاتیان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان ڕێپێوانێکیان بۆ شەرمەزارکردنی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و وێرانکردنی ژینگەی کوردستان تا ناوبازاری دەربەندیخان ئەنجامدا.

 

لە دوای کۆتایی هاتنی ڕێپێوانەکە بەیاننامەی چین و توێژەکانی دەربەندیخان لەلایەن هاوکار قادر خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: ماوەی سێ دەیەیە، دانیشتوانی کوردستان و خەڵکی مەدەنیی پێشکەوتووخواز، لە چەندین ڕێگەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە دژی ئەو دەستدرێژی، کوشتن و سوتاندن و وێرانکارییەی دەوڵەتانی دراوسێ بەرامبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامی دەدەن، داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، پلانبۆداڕێژراون و بەتەنها خۆی لەبەرامبەر وێرانکردنی سروشت و خاکەکەی نابینێتەوە، بەڵکو دەیەوێت زمان، کلتوور و سیمای کورد بشێوێنێت ‌و لەجێگەیدا کلتووری تورکی ئاوێتە بکات.

 

هەروەها لە کۆتایدا داوایان لە هاوڵاتیان و گەلی باشوری کوردستان کرد کە یەک دەنگ و یەک هەڵوێستبن تا دەستکەوتەکانی گەلی کورد بپارێزن و ڕێگە بە داگیرکردن و بە تاڵانبردنی خاکی کوردستان نەدەن.

 

ت.پ