لە دانیشتێکدا لە سوەیدا باسی ڕۆڵی ژنان لە ئاشتیدا کرا

ئەنجومەنی ژنانی سووریا دانیشتنێکی دیالۆگیان لە شاری سوەیدا بەڕێوە برد، دانیشتنەکە بە کەشێکی گفتوگۆی بونیادنەرو کراوەیی بەڕووی ئەوانی دیکەدا تایبەتمەند بوو، تێیدا بەشداربووان جەختیان لە ڕۆڵی چالاکانەی ژنان لە بونیادنانی پردی هاودەنگی و دادپەروەری کردەوە.

رۆشێل جونيور

 

سوەیدا- لە ناو ئەو ئاستەنگییە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە ڕووبەڕووی سووریا بووەتەوە، شاری سوەیدا میوانداری دانیشتنێکی دیالۆگی کرد کە لەلایەن ئەنجومەنی ژنانی سووریاوە ڕێکخرابوو، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سەرەکی ژنان لە بڕیاردان و بەرزکردنەوەی بەشداری چالاکانەیان لە لایەنە جیاوازەکانی ژیانی گشتیدا.

 

دانیشتنەکە بە ناونیشانی "ڕۆڵی ژنان لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەشداری سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو کە توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکانی هەبێت" بەڕێوەچوو، ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان و ئەکتەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداریان کرد، تێیدا بە قووڵی باسیان لە کاریگەریی ژنان لە پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کرد، کە چۆن دەتوانن پایەیەکی بنەڕەتیبن لە گەیشتن بە ئاشتی مەدەنی و بەرەوپێشبردنی دادپەروەری و یەکسانی لەناو کۆمەڵگەدا.

 

بەشداربووانی دانیشتنەکە کە ڕۆژی  ١١ی تشرینی یەکەم، لەلایەن ئەنجومەنی ژنانی سووریاوە ڕێکخرابوو، باسیان لەو ڕۆڵە گرنگە کرد کە ژنان لە بەدیهێنانی ئاشتی مەدەنیدا دەیگێڕن، ئەویش بە پشتبەستن بە توانای دروستکردنی پرد لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی کولتووری وتووێژ و خۆشەویستی و هاوکاری.

 

بەشداربوان جەختیان لەوە کردەوە، کە تایبەتمەندییەکانی ئاشتی مەدەنی تەنیا لە نەبوونی ململانێدا سنووردارنین، بەڵکو لەسەر سێ پایەیی سەرەکی دامەزراون کە بریتین لە ئاشتی کۆمەڵایەتی، دادپەروەری و یەکسانی، کە پێکەوە بناغەیەکی بەهێزبۆ پەرەپێدانی بیروڕای کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی سەقامگیری لەناو ئەو پایانەدا پێکدەهێنن.

 

ڕانیا زەهرەدین، یەکێک لە بەشداربووان، باسی لە گرنگی گفتوگۆ و قبوڵکردنی بۆچوونەکانی دیکە کرد، وتی: هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ڕووداوە پڕ لە ئازارانەی کە لە سوەیدا ڕوویانداوە، هەروەها "ژنان توانای ئەوەیان هەیە دەنگی عەقڵ و ئاشتیبن لە کۆمەڵگەدا، وە کاربکەن بۆ لێک نزیککردنەوەی دیدگاکان بۆ گەیشتن بەو چارەسەرانەی کە لە خۆشەویستی و هاوکارییەوە سەرچاوە دەگرن، ئەمڕۆ پێویستە پێکەوە بوەستین، ژن و پیاو، بۆ ئەوەی شارەکەمان بتوانێت بەسەرئەو ڕووداوە خوێناویانەدا زاڵ بێت کە شایەتحاڵی بووەو ببێتە دیدگای لێکتێگەیشتن و یەکگرتوویی.

 

بەسمە قەرەعونە، خۆبەخش لەگەڵ تیمی پێکەوە بۆ سووریا، پێزانینی خۆی بۆ گرنگی ئەم دانیشتنانە دەربڕی و دانیشتنەکەی بە ئیلهامبەخش و پڕلە ئەزموون و هۆشیاریی بەدەستهێندراو لە گروپە جیاوازەکانی بەشداربوو پێناسە کرد، وتیشی: پێویستە زیاتر پشتیوانی لە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەکەماندا بکەین و ئەو دەسەڵات و توانایانەیان پێ ببەخشین کە شایەنیەتی، چونکە بەهێزکردنی ژنان واتە بەهێزکردنی تەواوی کۆمەڵگە، پێویستە وەک ژن پشتیوانی یەکتربین و لە پرەنسیپەکانی خۆشەویستی وهاوکاریی بەرەوپێش بچین، تەنها بەم شێوەیە دەتوانین گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە واقیعەکەماندا بهێنینە ئاراوە.

 

غەسینە سەڵاح، چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی کۆمەڵەی هۆشیاری و بەهێزکردنی ژنان ئاماژەی بەوەدا، کە دانیشتنەکە دەرفەتێک بوو بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری، هەروەها پێیوابوو بەهێزکردنی ژنان لە ماڵەوە دەست پێدەکات و دواتر درێژدەبێتەوە بۆ پۆستەکانی بڕیاردان وتی: باسمان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ململانێکانی ناو کۆمەڵگە و ڕۆڵی ژنان لە بڕیاردانی دروستدا کرد، کە لە ماڵەوە دەستپێدەکات و دواتر درێژدەبێتەوە بۆ دامەزراوە باڵاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بۆیە ژنێکێکی خاوەن توانای بیرکردنەوەی هۆشیارانە و کردەوەی بەرپرسیارانە دەتوانێت ببێتە نموونەیەک.

 

جەختیشی لەوەکردەوە، قسە وهەڵسوکەوتەکان ڕێگایەکن بۆ گەیاندنی پەیامێکی کاریگەر بە کۆمەڵگە، هەروەها ژنان دەبێت نموونەیەکی ئەرێنیبن بۆئەوەی ڕووبوڕووی ئەو تێڕوانینە هەڵانە ببنەوە کە ڕۆڵیان دەشێوێنن، بۆیە پێویستە ڕۆشنایی بخەینە سەر چەمکە دروستەکان و هۆشیارییەکی نوێ بونیاد بنێین کە ژنان بەهێز بکات بۆ ئەوەی ببنە بڕیاردەری ڕاستەقینە.

 

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا بەشداربووان یەک دەنگبوون لەسەر پێویستی یەکخستنی ڕیزەکانی ژنان و پتەوکردنی هاودەنگی لە نێوانیاندا، هەروەها جەختیان لەسەر گرنگی بەهرەمەندبوونی ژنان لە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و وەرگرتنی پۆستی سەرکردایەتی هاوتا لەگەڵ لێهاتوویی و ڕۆڵی سەرەکییان لە کۆمەڵگەدا کردەوە.

 

هەروەها جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە دانیشتنانە کردەوە، کە ئاسۆیەک بۆ گفتوگۆ دەکاتەوە و پاڵپشتی بەهاکانی ئاشتیی مەدەنی و دادپەروەری و یەکسانی دەکات وەک بناغەیەک بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەک کە توانای پێشکەوتن و بوژانەوەی هەبێت.