گروپی "یارسوسا" بە ڕۆحێکی هاوچەرخ میراس زیندوو دەکاتەوە

گروپی "یارسوسا" هەوڵدەدات میراسی هونەری سووریا لە ڕێگەی گۆرانی و دابکە و جلوبەرگی نەریتی زیندوو بکاتەوە، بە ڕۆحێکی هاوچەرخ پێشکەشی دەکات، کە ناسنامەی کولتووری و هەمەجۆری شارستانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرز دەکاتەوە.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- گروپی "یارسوسا"ی سریانی بە ئامانجی زیندووکردنەوەی میراسی هونەری کۆنی سووریا لە ڕێگەی دووبارە پێشکەشکردنی گۆرانییە باوەکان و دابکە بە ڕۆحێکی هاوچەرخ کە سەرنجی نەوەکانی داهاتوو ڕادەکێشێت، دامەزراوە، گروپەکە لە کۆمەڵێک ژن و گەنج پێکهاتووە کە بە پەرۆشەوە کاردەکەن بۆ تیشک خستنە سەر جوانیناسیی هونەری سریانی لە ڕێگەی خولی پەروەردە و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانەوە، هەروەها بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە فێستیڤاڵ و بۆنە جۆراوجۆرەکان دەکەن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

گروپی "یارسوسا" پێیان وایە، کە میراسی سووری پایەیەکی بنەڕەتی ناسنامەی کولتووری و فرەچەشنی کولتووری ناوچەکە پێکدەهێنێت، ڕوبا فەرهاد، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ڕۆشنبیری سریانی، ستایشی هەوڵەکانی گروپەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە: کە "یارسوسا" نوێنەرایەتی هەنگاوێکی گرنگە لە پاراستنی میراتی سووری و گەیاندنی بە کۆمەڵگە بە شێوەیەک کە ڕەسەنایەتی و داهێنان تێکەڵ بکات.

 

پەیامێک بۆ پێکەوەژیان لە ڕێگەی هونەرەوە

ڕوبا فەرهاد باسی لە دامەزراندنی گروپی سریانی "یارسوسا" کرد، ڕوونیکردەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٥ دەسگروپێکرد، ناوی "یارسوسا" هەڵبژێردرا، چونکە لە زمانی سریانیدا واتای "میراس" دەگەیەنێت، وتی: ئامانجمان لە دامەزراندنی ئەم گروپە پاراستنی میراسی سووریا و زیندووکردنەوەی کولتووری سووریایە بە ڕۆحێکی هاوچەرخ.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە گروپەکە لە کۆمەڵێک ژن و پیاو پێکهاتووە، و بەسەر دوو بەشدا دابەشکراون، یەکێکیان بۆ منداڵان و ئەوی دیکەیان بۆ گەنجان، هەروەها ساڵانە ئەندامێتی لە گروپەکەدا نوێ دەکرێتەوە، بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هەموو منداڵان و گەنجان بۆ بەشداریکردنیان لە پاراستنی ئەم میراسە.

 

دووپاتی کردەوە، کە گروپی "یارسوسا" لە ڕێگەی گۆرانی فۆلکلۆری و دابکەوە بەشداری دەکات لە ناساندنی کەلتووری سووریا بە کۆمەڵگە، هەروەها کار بۆ تێکەڵکردنی لەگەڵ پێکهاتە ڕۆشنبیرییەکانی تری ناوچەکەدا دەکات، وەک کورد، عەرەب، ئەرمەنی و ئێزدی، وتی: گروپەکە بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵ و ئاهەنگدا کردووە، کە لەڕێگەیەوە پەیامی پێکەوەژیان و گەلان لە نێوانیاندا گەیاندووە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو جلوبەرگە نەریتیانەی کە گروپەکە لەسەر شانۆ لەبەری دەکەن، بەشێکن لە میراسی داپیران و باپیرانی سووریا، ئەمەش کارەکتەری ڕەسەن بە نمایشەکان دەبەخشێت کە ڕەنگدانەوەی قووڵایی مێژووی سووریایە.

 

لە ئاکیتو تا نەورۆز: ئامادەبوونێکی هونەری لە بۆنە کولتوورییەکان

ڕوبا فەرهاد ڕوونیشیکردەوە، گروپی "یارسوسا" ساڵانە بەشداری فێستیڤاڵی گەلان دەکات، لەگەڵبەشداریکردنیشیان لە فێستیڤاڵی ئاکیتوکە یەکێکە لە دیارترین بۆنە هونەرییەکانی، کە تیایدا نمایشی سەما پێشکەش دەکات کە ڕەنگدانەوەی میراتوی سریانییە، هەروەها گروپەکە لە زۆرێک لە فێستیڤاڵەکاندا ئامادەیە، بە بەردەوامی بەشداری لە فێستیڤاڵەکانی ژنان و منداڵان دەکات، جگە لە ئاهەنگەکانی ١ی نیسانی ئاکیتو، هەروەها لە بۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە، وەک ئاهەنگەکانی ٨ی ئادار و نەورۆز، کە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی پێکەوەژیان و فرەچەشنی کولتوورییە.

 

تیشکی خستە سەر بەرنامەکانی ڕاهێنانی گرەوپەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕاهێنانەکان هەفتەی سێ جار لە ئێواراندا ئەنجام دەدرێت، کاتەکەی زیاد دەکات بۆ ڕۆژانە پێش بۆنە تایبەتەکان، لەگەڵ منداڵان کە دوای خوێندن بەشداری مەشقەکان دەکەن، وتی: ئێمە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبینەوە، بەڵام بەهۆی هەوڵی ڕاهێنەرە لێهاتووەکانمانەوە، بەسەریاندا تێدەپەڕین، ئاواتەخوازین گروپی "یارسوسا" ببێتە دەنگێکی دیار لە دیمەنی ڕۆشنبیریدا، گەنجەکانمان بەشداری بکەن بۆ پاراستنی میراسەکانیان، چونکە هەموو کولتوورێک لەناو خۆیدا هەڵگری ناسنامەی گەلەکەیە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، بانگهێشتی گەنجانی سووریای کرد بۆ بەشداریکردن لە جیهانی کولتوور و هونەر و بەشداریکردن لە پاراستنی میراسی سووریا، چونکە بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامە و بوون.