"لە بەرامبەر ئەو کێشانەی ئێستا هەیە، یەکبوونی ژنان پێویستە"

ژنان لە ڕاوێژی ژنانی چوار پارچەی کوردستان بە دروشمی "فێمیساید ڕابگرن" ئاماژەیان بەوەکرد کە ئێش و ئازاری هەموو ژنان وەک یەکە بۆیە پێویستە یەکێتی ژنانی کورد دابمەزرێت.

دیلان کۆرهان

سلێمانی-  دوێنێ ڕاوێژی ژنانی کورد بە پێشەنگایەتی کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان "کەنەکە" و یەکێتی ژنانی کوردستان بە بەشداری ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆژهەڵات و باکور و باشوری کوردستان لە شاری سلێمانی بە دروشمی "فێمیساید ڕابگرن" بەڕێوەچوو، ژندا شەنگال، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی، ئایشە ئاجار باشاران، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە و پەیمان ڤیان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کژار، ، کە لە ڕاوێژەکەدا ئامادەبوون، قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"ئازاری هەموو ژنان لە کوردستان وەک یەکن"

ژیندا شەنگالی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی ئاماژەی بەوەکرد کە ئازاری هەموو ژنان لە هەر چوار لای کوردستان وەک یەکەو وتی: "ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداری ڕاوێژی ژنانی کورد بوون، بۆ ئەوەی بتوانین لەبارەی ئەو ئازارەی تێیدا دەژین بە یەکتر بڵێین ئەو کێشانەش کە لە ڕاوێژدا ئاماژەیان پێکراوە، لە شەنگالیش ئەزموونیان هەیە وەک لە هەموو شوێنێک لە هەر چوار پارچەی کوردستان ژنان کۆمەڵکوژ دەکرێن و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت ئازارەکانی ژنان لە کوردستان وەک یەکن، ژنان ڕووبەڕووی نایەکسانی دەبنەوە و بە بنەما وەرناگیرێن ئێمە وەک ژنانی ئێزدی بەشداری ڕاوێژمان کرد بۆ پشتگیریکردنی هەموو ژنێک، هەموو جیهان دەزانێت کە ئێمە وەک خەڵکی ئێزدی چەندین جار فەرمانمان لەسەر کراوەو بە هەموو فەرمانێک ژنان هەراسان و کۆمەڵکوژکران، ئێمە وەک  تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی هەوڵمان داوە ڕێکخراو بین وژنان بگەنە ئاستێک کە بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن، پێش فەرمانەکان وەک ژن، نەیانتوانی ئازاری خۆیان بە یەکتر بڵێن بەڵام دوای فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ چاوی ژنانی ئێزدی کرایەوە و ئێستا خۆیان دەناسن و هەڵوەستە دەکەن".

 

"بەدەستی دەوڵەت کلتوری کۆمەڵکوژکردنی ژنان ڕوو لە زیادبوون دەکات"

پەیمان ڤیان، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -کژار، باسی لەوەکرد، کە لە ڕاوێژی ژنانی کورددا گفتوگۆی زۆر گرنگ کراوە و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا: "ئەمڕۆ ژنانی چوار پارچەی کوردستان هەم وەک بەشداربووان و هەم وەک پانێلیست بەشدارییان لە ڕاوێژەکەدا کرد ئەم ڕاوێژە زۆر گرنگە لەسەر کێشەکانی ژنان کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەژین، هەم توندوتیژی دەوڵەت و هەم توندوتیژی نێرینە لە دژی ژنان هەیە، ژنان هەموو ڕۆژێک لە هەر چوار پارچەکەدا کۆمەڵکوژ دەکرێن بەتایبەتی لەم دواییانەدا کۆمەڵکوژیی ژنان لە هەردوو باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بەرزە ئەمەش لە ڕاوێژی ژنانی کورددا گرنگە کە تاوتوێی ئەوەکرا کێشەکە چییە و چارەسەری چی دەبێت؟ ئەوەی ئێستا دەیکەین، چۆن پێویستە ژنان تێکۆشانێک ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری لەو کێشانە بکەین، . ئەوانەی لێرەدا زۆرترین گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت توندوتیژی سیاسین بەرامبەر بەژنان بەتایبەتی لەلایەن حکومەتەوە حکومەت سزای ئەو کەسانە نادات کە ژن دەکوژن بۆیە ئەم کلتورەی کوشتن و دەستدرێژی کردن زۆر پەرەی سەندووە".

 

"کێشەی هەموو ژنان وەک یەکە بۆیە پێویستی بە یەکێتی ژنانە"

پەیمان ڤیان، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بۆ ناوبردنی کلتوری دواکەوتوو کە ژنان بە کەم دەبێنیت تێکۆشان پێویستە و بەردەوامیشی دا و وتی: "پێویستە لە بواری یاساییەوە تێکۆشانی ژنان بەهێز بکرێت، پێویستە یاسایەک دروست بکەین کە بتوانێت پارێزگاری لەمافەکانی ژنان بکات ئەو کەلتوورەی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا پەرەی سەندوە کۆمەڵکوژیی و خۆکوشتنی ژنان زۆر ئاسایی دەبینێت دەبێت بتوانین خۆمان ڕێکبخەین بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان و کۆمەڵگا، ئەو کەلتوورە دواکەوتووە بگۆڕدرێت کە هەموو ڕۆژێک ژن دەکوژێت و کلتورێک بنیات بنرێت کە یەکسانی نێوان ژن و پیاو و سەرکردایەتی ژنان بەدەست بهێنێت یەکێک لە گفتوگۆهەرە باسکراوەکان لێرەدا ئەوەیە کە چۆن دەتوانین دژی ئەو دەوڵەتانە بجەنگین کە دەیانەوێت ژنان لەناوبەرن، زۆربەی ژنان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە کێشەی هەموو ژنان یەکن و پێویستە یەکێتی ژنانی کورد دروست بکرێت".

 

پەیمان ڤیان بە پێویستی زانی هەموو ژنان لە دژی ئەو هێرشانەی ئێستا یەکبگرن و خۆیان ڕێکبخەن و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "پێویستە ژنان لە شەقامەکان و ماڵ و هەر شوێنێک بن تێکۆشان بکەن، پێویستە بزانین چۆن لە ئەنجومەن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان کار بکەین و بەو پێیە خۆمان ڕێکبخەین لە جیهاندا ژنانی کورد سوپاسگوزاری تێکۆشانیانن، بەڵام هەموو ڕۆژێک لە شوێنی خۆیاندا کۆمەڵکوژ دەکرێن ژنانی کورد بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە زیندانەکانی ئێران گوشاریان لەسەرە، نموونەی ئەمە زەینەبی جەلالیانە بانگەوازی ئێمە ئەوەیە کە هەرچەندە یەکڕیزیمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەهێزە بەڵام ئێمە تێکۆشانمان زۆر بەهێز بکەین و پێویستە دەرچوونێکی بەهێزتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە زیندانەکان و ژنانی پێشەنگی کۆمەڵگەدا هەبێت، ئێمە وەک ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێین، کە تێکۆشان هەیە، دەبێت زیاتر تێکۆشان بکەین، دەستکەوتەکانمان گەورەتر دەبێت و ئازادی ژنان مسۆگەر دەکەین".

 

"ژنان لە ٨ی ئادار وەڵامی ئەو هێرشانەیان دایەوە"

ئایشە ئاجار باشاران، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە ئەوەی خستەڕوو، کە نایەکسانی و توندوتیژی و کۆمەڵکوژیی ژنان بە دەسەڵاتداری حکومەتی ئاکەپە زیادی کردووە و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "ئێمە وۆرکشۆپێک دژ بە توندوتیژی دژی ژنان ڕێکدەخەین و لەو بارەیەوە گفتوگۆ دەکەین،  لەباکوری کوردستان و تورکیا بۆ ماوەیەکی زۆر توندوتیژی دژ بەژنان زیادیکردووە هەزاران ساڵە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە کۆمەڵگا لە کەسایەتی ژندا بەتەنیا مایەوە، کێشەکانمان جۆراوجۆرن، بە دەسەڵاتداری حکومەتی ئاکەپە نایەکسانی و توندوتیژی و کوشتاری ژنان زیادی کرد چونکە ئەقڵیەتی ئاکەپە سەبارەت بە شوێنی ژنان ڕوونە، ئەو چوارچێوەیەی کە دیار نییە هێڵێکیان لەدەوروبەری ئێمەدا کێشاوە، بەو هۆشیارییەی کە ناتوانیت لەم دێڕە دەربکەیت، لەژنان نزیک دەبنەوە، . دەڵێن "ئێوە لە ناو مالدان ئێوە خوشک و دایک و کچی ئێمەن، بەڵام ئێوە ژنی ئازاد نین و هەرگیز ژنی ئازاد نابن". سەرۆک کۆماری تورکیا هەموو ڕۆژێک دێتە دەرەوە و دەڵێت ' ژن و پیاو یەکسان نین' پیاوان بەهۆی ئەم وشانەوە هێز وەردەگرن و توندوتیژی زیاد دەکەن".

 

"ئاکەپە هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی ژنان"

ئایشە ئاجار باشەران ئەوەشی وت: "بە گەیشتنی ئاکەپە هێرشەکان بۆسەر ژنان زیادیکردووە و توندوتیژی دژی ژنان لە حکومەتی ئاکەپەوە تا ئەمڕۆ بە ڕێژەی ١٢٪زیادیکردووە لەماوەی ساڵێکدا نزیکەی ٤٥٠ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، بە ئەندازەی ئەم ژمارەیە، لەوانەیە ژمارەیەکی تریش بە گومانەوە گیانیان لەدەستدابێت، ئاکەپە هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانی ژنان هاوسەرۆکایەتی وەک تاوانێک نیشان درا و داوای کرد هەڤاڵانی هاوسەرۆکایەتیمان سزا بدرێن هەڤاڵانمان کە تێکۆشانی ژنانیان ئەنجامدا، ئەمڕۆ لە زینداندان، ڕێکخراوەکانی ژنان هەمووی لەلایەن ئاکەپەوە بەڕێوەدەچێت لە ماوەی ٧ ساڵدا هێرشیان کردە سەریان و کۆمەڵکوژ کران و هەراسانیان کردن بەڵام لە هەمان کاتدا ژنان لە دژی ئەو هێرشانە تێکۆشانیان زیاتر کرد باشترین وەڵام ٨ی ئادار بوو. هەموو ژنان کۆبوونەوە و وتیان، ئەم سەدەیە دەبێتە سەدەی ئازادی ژنان".

 

"هەموو ئەو هێرشانە لە داهاتوودا شکست دێنن"

ئایشە باشاران وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە ئاماژەی بەوەشکرد کە ژنانی کورد بە تێکۆشانی خۆیانەوە گەیشتونەتە ئەمڕۆ و بەم شێوەیە کۆتاییبە قسەکانی هێنا: "شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئێمە لەباکوری کوردستان ئەزمونێک بوو بە گرنگەوە بۆ سیستمی هاوسەرۆکایەتیی خۆمان وەرمان گرت، هەموو ئەم هێرشانە لە داهاتوودا شکست دێنن، هیچ هێزێک ناتوانێت لە بەرامبەر ئەم ڕاستییەدا بوەستێت، لە بەرامبەردا نەتەوەیەکی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتیی ئازادیی ژنان دادەمەزرێت".