لە بناری قەندیل یادی ئەڤین گۆیی کرایەوە: ئەو مەشخەڵی خامۆشنەبووی ژن و دەنگی چیا بوو لە دڵی ئەوروپادا
لە بناری قەندیل، سێیەم ساڵیادی شەهیدبوونی "ئەڤین گۆیی" و هەڤاڵانی بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا جەخت لەسەر درێژەدان بە ڕێبازی ئەو ژنە تێکۆشەرە کرایەوە کە ٣٤ ساڵ لە تەمەنی خۆی بەخشییە شۆڕشی ئازادیی کوردستان.
بناری قەندیل
بە دروشمی "شەهید نامرن"، پاشنیوەڕۆی ٢٣ی کانوونی یەکەم، لە بناری چیا سەرکەشەکانی قەندیل،ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل، ئەنجومەنی ژنان، هاوسەرۆکانی شارەوانی، بنەماڵەی شەهیدان و چالاکوانانی ناوچەکە کۆبوونەوە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهید ئەڤین گۆیی "ئامینە کارا" و هەڤاڵانی کە لە کۆمەڵکوژیی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پاریس شەهید کران.
مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستیپێکرد، پاشان پەیامێکی هاوبەش لە لایەن دامەزراوەکانی بناری قەندیلەوە خوێندرایەوە، کە تێیدا تیشک خرایە سەر مێژووی پڕ لە سەروەریی شەهید ئەڤین گۆیی.
"ئەڤین گۆیی؛ ڕێباز و ئاوێنەی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی بوو"
لە پەیامەکەدا هاتبوو: ئێمە ئەمڕۆ تەنها یادی تێکۆشەرێک ناکەینەوە، بەڵکو یادی مێژوویەک دەکەینەوە کە لە گوندی هیلالەوە هەڵقوڵا، لە بۆتان بوو بە ڕووبار، لە ڕۆژئاوا تەختی داعشی هەڵوەشاندەوە و لە پاریسیش بوو بەو هەورەی خوێنی خۆی بەسەر ویژدانی نوستووی مرۆڤایەتیدا باراند، دوژمنانی کورد وا دەزانن بە تیرۆرکردنی پێشەنگانی ژن دەتوانن دەنگی ئازادی کپ بکەن، بەڵام ئەڤین گۆیی ئێستا بووەتە ڕێبازێک کە هەزاران ژنی دیکە شوێنی دەکەون.
ئامادەبووان ئاماژەیان بەوە کرد کە شەهید ئەڤین درێژەپێدەری ڕێبازی "ساکینە جانسز" بووە و وەک پەپوولەیەک لە چیاکانی کوردستانەوە بەرەو ئەوروپا فڕی تا دەنگی مەزڵوومیەتی گەلەکەی بگەیەنێتە جیهان.
"کۆمەڵکوژیی پاریس هێرش بوو بۆ سەر ئیرادەی نەتەوەیەک"
لە بەشێکی تری مەراسیمەکەدا، ئاماژە بەوە کرا کە کۆمەڵکوژییەکەی ناوەندی کولتووری ئەحمەد کایا لە پاریس، پیلانگێڕییەکی فاشیستی بوو دژ بە ئیرادەی گەلی کورد، خوێنی پاکی ئەڤین گۆیی، میر پەروەر و عەبدولڕەحمان کزل، تەنها گڕی توڕەیی گەل و ژنانی ئازاد بەهێزتر دەکات.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بەڵێنی دووپاتکردنەوەی پەیمان بۆ درێژەدان بە ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشان تا گەیشتن بە ئازادی درا و بە دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی ژنانی ئازاد" و "شەهید نامرن" کۆتایی بە یادەکە هات.