لە بناری قەندیل دوو مەراسیمی جیاواز بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەچوون

لە گوندی توتمەی بناری قەندیل، دوو مەراسیمی جیاواز بە بۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەچوون، پەیامی ئەنجومەنی ژنانی قەندیل هەروەها بەڵێننامەی بناری قەندیل بۆ پاراستنی کەرامەت و مافەکانی ژنان خوێندرایەوە.

بناری قەندیل


لە گوندی توتمە، لە هەرێمی مارەدوو لە بناری قەندیل، شەوی ڕابردوو بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دوو مەراسیمی جیاواز بە بەشداریی ژنان و پیاوانی گوند بەڕێوەچوون، کە هەردوو مەراسیمەکە پەیامی کەرامەت، ئازادی، یەکسانی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییان لە خۆ دەگرت.

لە مەراسیمی یەکەمدا، ژنانی گوند کۆبوونەوە و پەیامی ئەنجومەنی ژنانی قەندیل لەلایەن خاتوو مێر مەلاوە خوێندرایەوە. پەیامەکە بە ناونیشانی ژن؛ شکۆ، ئازادی و ژیان، جەختی لەسەر کەرامەتی ژن، ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان، بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و گرنگی بەشداریی ژنان لە پێشخستنی کۆمەڵگا دەکردەوە.

لە پەیامەکەدا، توندوتیژی دژی ژنان تەنها بە توندوتیژیی جەستەیی سنووردار نەکراوە، بەڵکو هەڕەشە، سووکایەتی، فشارە دەروونییەکان، سنووردارکردنی ئازادی و بێبەشکردنی ژنان لە ماف و دەرفەتەکانیش وەک جۆرەکانی توندوتیژی باس کران. هەروەها، بانگەواز بۆ خێزان، پیاوان، دامەزراوەکان و کۆمەڵگا کرا کە پاراستنی ماف و کەرامەتی ژنان بکەنە بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەش.

لە مەراسیمی دووەمدا، پیاوانی گوند لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداریی هاوسەرۆکی هەرێمی مارەدوو، ئەندامانی ئەنجومەن، ڕێدسپێوان و گەنجان، بەڵێننامەی بناری قەندیل بۆ پاراستنی کەرامەت و مافەکانی ژنان و کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژییان خوێندەوە. ئەم بەڵێننامەیە لەلایەن ڕێبوار عەبدوڵڵاوە خوێندرایەوە و لە چەند خاڵی گرنگدا پابەندبوون بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، پاراستنی مافە یاساییەکانی ژنان، پشتگیری لە خوێندن و کار، بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵگا و ڕەتکردنەوەی بێدەنگی بەرامبەر توندوتیژی جەختی لێکرایەوە.

لە بەڵێننامەکەدا، پاراستنی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی وەک بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشی تاک و دامەزراوەکانی کۆمەڵگا باس کرا، هەروەها بەڵێن درا ئەم پەیامە تەنها لە چوارچێوەی مەراسیمدا نەهێڵرێتەوە، بەڵکو لە کردار و هەڵوێستی ڕۆژانەدا جێبەجێ بکرێت.

هەردوو مەراسیمەکە بە پەیامی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و درووشمی ژن، ژیان، ئازادی کۆتاییان پێهات.