لە بەغدا کۆنفرانس بۆ بەرەوپێشبردنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان ڕێکخراوە فێمینیستەکان و تۆڕەکان بەڕێوەدەچێت

بە دروشمی “لە هاوبەشییەوە بۆ کاریگەری بەرەو کارنامەیەکی فێمینیست بۆ یەکسانی و ئاشتی بەردەوام”، بەغدای پایتەخت، میوانداری کارەکانی کۆنفرانسی هەماهەنگی بۆ ئەو ڕێکخراو و تۆڕانەی کرد کە لە بواری مافەکانی ژنان کاردەکەن.

ڕەجا حەمید ڕەشید 

 

بەغدا-بە دروشمی “لە هاوبەشییەوە بۆ کاریگەری بەرەو کارنامەیەکی فێمینیست بۆ یەکسانی و ئاشتی بەردەوام”، کۆنفرانس لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و بەشداربووان تیشکیان خستە سەر ڕێگاکانی پەرەپێدانی میکانیزمی هەماهەنگی هاوبەش لە میانی کۆنفرانسی هەماهەنگی بۆ ڕێکخراو و تۆڕەکانی ژنان کە لە بەغدا بەڕێوەچوو. ئامانجی کۆنفرانسەکە چەسپاندنی ڕۆڵی ئەم یەکانە بوو لە بەشداریکردن و کارکردن بە دیدێکی قووڵتر بەرەو ئەجێندای فێمینیست بۆ یەکسانی و ئاشتی بەردەوام.

 

چالاکوانانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە بەغدا و پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان جەختیان لە سەر پێویستی هەماهەنگی و پەرەپێدانی چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ کردەوەی بەکۆمەڵ لە نێوان ڕێکخراو و تۆڕەکانی ژنان کە لە عێراقدا کاردەکەن، کردەوە، ئەم جەختکردنەوە لە کاتی ئامادەبوون و بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی هەماهەنگی بۆ ئەو ڕێکخراو و تۆڕانەی کە لە بواری مافەکانی ژنان کاردەکەن، کرا. کۆنفرانسەکە کە لەلایەن تۆڕی ئاشتی ژنانەوە بە هاوکاری ڕێکخراوی بەهێزکردنی ژنان ڕێکخرابوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ئۆکتۆبەر لە بەغدا بەڕێوەچوو.

 

ئەو بابەتانەی لە کۆنفرانسەکەدا باس کران

کۆنفرانسەکە کە لەلایەن چالاکوان ئینتیسار ئەلمەیالی پێشکەشکرا و بە تەوەری "لە هاوبەشییەوە بۆ کاریگەری: بەرەو ئەجێندایەکی فێمینیست بۆ یەکسانی و ئاشتی بەردەوام" بەڕێوەچوو، سێ تەوەری سەرەکی لەخۆگرتبوو: (واقیعی ژنان و هەڵسەنگاندنی ئەولەویەتەکان بۆ کردەوەی هاوبەش)، (دەرفەت، تەحەددیات و بەردەوامیی هاوبەشییە فێمینیستەکان)، و (لە سیاسەتەوە بۆ کاریگەری: بەهێزکردنی هەماهەنگی و داکۆکیکاری هاوبەش بۆ پرسی ژنان).

 

لە قسەکانیدا ویلێت کۆرکیس ئەندامی دەستەی ئەمیندارانی یەکێتی کەمینەکان و نوێنەری تۆڕی ئاشتی ژنان ڕوونیکردەوە کە ئامانجی کۆبوونەوەکە دابینکردنی فەزای گفتوگۆ و هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان بووە لە نێوان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تۆڕە ناوخۆییەکان کە لە بواری مافی مرۆڤ و پرسی ژنان کاردەکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها بەشداریکردووە لە بەهێزکردنی هاوبەشییەکان، چارەسەرکردنی ئاستەنگە هاوبەشەکان، و گەڕان بەدوای ڕێگاکانی پەرەپێدانی میکانیزمی هاوکاری کاریگەرتر. جگە لەوەش جەختی لە گرنگی کردەوەی بەکۆمەڵ لە بەرزکردنەوە و چەسپاندنی ڕۆڵی ڕێکخراو و تۆڕە فێمینیستەکانی عێراق لە بەشداریکردن و کارکردن بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە ئەجێندای فێمینیست بۆ یەکسانی و ئاشتی بەردەوام.

 

"ئاڵەنگارییەکان ئاڵۆزتر بوون"

سۆزان عارف، بەرپرس لە ڕێکخراوی بەهێزکردنی ژنان، ڕوونیکردەوە، لەم قۆناغەدا هەوڵدەدەن هاوبەشیەکە لە ئاستێکی هاوکاری و هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیارییەوە بگوازنەوە بۆ ئاستێکی قووڵتر لە کاری دەستەجەمعی، کە توانای کاریگەری لەسەر ئەو سیاسەت و بڕیار و پراکتیزانەی هەبێت کە کاریگەری لەسەر ژیان و مافەکانی ژنان هەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێگای بەردەم ژنان لە عێراق هێشتا درێژەو ئەو ئاڵەنگارییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە- جا چ یاسایی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، یان سیاسی- ئاڵۆزتر و تێکەڵاوتر بوون، جگە لەوەش گۆڕانکاری لە بنەماکانی بەخشەرەکان و دابەزینی سەرچاوە بەردەستەکان، تەحەددا بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەبارەت بە بەردەوامیی و توانای بەردەوامبوونیان لە کارکردن و کاریگەرییان دروست دەکات.

 

بەشداربووان لە سەرانسەری تەوەرە جیاوازەکانی کۆنفرانسەکەدا، پێشهاتەکانی ئێستا و کاریگەرییەکانیان لەسەر مافەکانی ژنان باسیان کرد. ئەوان پێداچوونەوەیان بەو پێشکەوتنانەدا کرد کە لە ئەولەویەتەکانی پێشوودا بەدەست هاتوون بۆ دەستنیشانکردنی زەقترین پرسەکان و ئەوانەی کە زۆرترین ئامادەیی بۆ کردەوەی بەکۆمەڵن. هەروەها شیکارییان بۆ ژینگەی ئێستا کرد کە ڕێکخراوەکان و تۆڕەکان تێیدا کاردەکەن، و دەرفەتە پراکتیکییەکانیان دەستنیشان کرد بۆ بەرزکردنەوەی بەردەوامیی کارەکانیان و توانای بەدەستهێنانی ئەولەویەتەکانی هاوبەش.

 

جگە لەوەش، باسیان لە ڕۆڵی دەرفەتە بەردەستەکان کرد لە کاریگەریکردن لەسەر سیاسەتی گشتی و بنیاتنانی هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکان و دەزگا نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان. ئەوان لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانی ئەولەویەتەکانی بەخشەرەکان و سەرچاوە سنووردارەکان، هەروەها میکانیزمەکانی یەکگرتن لە نێوان ڕێکخراو و تۆڕە ناوخۆیی و نیشتمانییەکان، بەردەوامیی کاری فێمینیستیان لێکۆڵیەوە. باسیان لە بەکارهێنانی شارەزایی و سەرچاوەی بەردەست کرد بۆ دوورکەوتنەوە لە دووبارەبوونەوەی هەوڵەکان، و دەرفەتەکانی دروستکردنی هاوپەیمانی پراکتیکی لە دەوری ئەو دوو ئەولەویەتەی کە لە تەوەری یەکەمدا هەڵبژێردران.

 

گفتوگۆکردن لەسەر چوارچێوەی یاسایی و دامەزراوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی

هەروەها چوارچێوەی یاسایی و دامەزراوەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دیجیتاڵی و قسەی ڕقاوی باسکرا. توێژینەوەیەک پێشکەشکرا کە سیاسەتە دامەزراوەییەکان بۆ فەزای مەدەنی سەلامەت دەخاتە ڕوو، کە تیایدا تیشک خرایە سەر ڕێکخراو و تۆڕەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە بەشداری ژنان و چالاکوانان دەپارێزن. ئەمەش بریتی بوو لە کۆدەکانی ڕەفتار، سیاسەتەکانی دژە هەراسانکردن، سیاسەتەکانی دژی قسەی ڕقاوی و ستراتیژییەکانی بەکارهێنانی پلاتفۆرمی پەیوەندی مەجازی- گواستنەوەی ئەم سیاسەتانە لە کاغەزەوە بۆ ڕێکخراوە سەلامەتەکان.

 

لە کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر چۆنیەتی وەرگێڕانی ڕاسپاردەکانی توێژینەوەکە بۆ کردەی پراکتیکی و هەڵمەتێکی داکۆکیکاری هاوبەش لە نێوان ڕێکخراوەکان و تۆڕەکاندا لەخۆگرتبوو. ئەمەش بریتی بوو لە دیاریکردنی بنەماکان کە پێویستیان بە کردەوەی هاوبەش هەیە، هەروەها پێشنیار و لایەنە پەیوەندیدارە تایبەتەکان.

https://youtu.be/hs9hWHSUcRM?si=1-ZrIgk6tX5knOQ9