ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ڕاگرتنی خێرای لەسێدارەدانی زیندانیانی ژنی سیاسی لە ئێران دەکات

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان بەسەر لانیکەم پێنج ژن لە ئێران دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و تۆمەتی پاڵنەری سیاسی دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوامن لە فراوانکردنی بەکارهێنانی لەسێدارەدان لە دژی ژنان، ئەم سزایە لە چوارچێوەی تۆمەتە نێودەوڵەتییەکانە کە تاران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ ترساندنی کۆمەڵگەو سەرکوتکردنی بزووتنەوە و دەنگی ژنانی دژبەری ڕژێم بەکاردەهێنێت.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو لەسێدارەدانی ژنانی زیندانی سیاسی لە ئێران دەکات و ئەو سزایەی دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە لە ئەسفەهان بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێ کە لە ژێر ئەشکەنجەدا دەرهێنراون، بە تاران ڕەحیمی تەمەن ٢١ ساڵان شەرمەزار دەکات.

 

ڕێکخراوەکە بڵاویکردەوە، تاران ڕەحیمی دوای دەستگیرکردنی لە ٢٤ی کانوونی دووەم، بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ ڕووبەڕووی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کراوە، لەوێدا ڕووبەڕووی برینداربوونی جەستەیی بووەتەوە و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی لە خوشکە دەستبەسەرکراوەکەی، بەناوی ڕۆمینە کراوە، بۆ ئەوەی ناچاری بکات دان بە تاواندا بنێت.

 

لە چوارچێوەی پەرەسەندنی سەرکوتی حکومەتدا، سەرنجی بۆ پشتڕاستکردنەوەیسزای لەسێدارەدانێکی دیکە لە دژی چالاکوان وریشە مورادی ڕاکێشا، ژمارەی ئەو ژنانەی کە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ڕووبەڕووی سزای هاوشێوە بوونەتەوە، گەیشتە لانیکەم پێنج ژن، ئەوانیش (مەحبووبە شەعبانی، مەرزیە ئیبراهیمی شەمسەبادی، مەزدە هاشمی بازجانی، نەجمە ئەمینی، و واریشە مورادی).

 

ئەو ڕێکخراوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەیان کەس لە ئێران لە ئێستادا ڕووبەڕووی مەترسی لەسێدارەدانی سیاسی بوونەتەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتەکان کرد کە فشاری دیپلۆماسی بەپەلە بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سەپاندنی قەدەغەیەکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی ئەو سزایانە.