لە باکووری کوردستان و تورکیا دەیان کارێکاری منداڵ و ژن گیانیان لەدەستداوە
ئەنجومەنی تەندروستی و پارێزراوی کار لە ماوەی یەک مانگدا گیانلەدەستدانی ١٤٦ کرێکاری بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕووداوەکانی شوێنی کار لە کەرتەکانی تەلارسازی و گواستنەوە ڕاگەیاند، کە چوار منداڵ و شەش ژنیشیان تێدایە.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی تەندروستی و پارێزراوی کار ”İSİG” یەکەم ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٦ی خۆی لەسەر "تاوانەکانی شوێنی کار" بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە لە مانگی کانوونی دووەم ١٤٦ کرێکار لەسەر کارەکانیان گیانیانلەدەستداوە، لەنێو ئەو کەسانەی گیانیانلەدەستداوە، چوار منداڵ کە بە شێوەیەکی نایاسایی کاردەکەن و شەش ژنیش هەن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ٦١٪ی داتاکان لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە هەواڵییەکان لە میدیای نیشتمانیدا بووە، هاوکات ٣٩٪ی لە هاوکارانی کرێکاران و خێزانەکان و سەندیکاکان و پسپۆڕانی پارێزراوی پیشەیی و سەرچاوە ناوخۆییەکان کۆکراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کەرتی تەلارسازی زۆرترین ژمارەی کوژراوانی تۆمارکردووە کە ٢٩ کەس گیانیانلەدەستداوە، دواتر کەرتی گواستنەوە بە ٢٣ کەس و کەرتی کانزاکان بە ١٦ کەس، دابەشکردنی گشتیی کەرتەکان بەم شێوەیە بووە: ٦٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە پیشەسازی، ٣٦ لە خزمەتگوزاری، ٣١ لە تەلادسازی، ١٢ لە کشتوکاڵ.
ئاماژە بەوە کراوە، کە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن بریتین لە داڕمان و پاڵەپەستۆ لە کەرتی کشتوکاڵ و تەلارسازی و کانزاکاندا، دواتر کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکانەوە ”٦١٪ی ئەو ژمارەیە لە شوێنە بیناسازییەکان ڕوویداوە”، دواتر ڕووداوەکانی پەیوەست بە هاتوچۆ و خزمەتگوزارییەکان لە کەرتی گواستنەوەدا.
زۆرینەی گیانلەدەستدان لەو شارانەی کە چالاکی پیشەسازی و کشتوکاڵی و بیناسازی چڕیان هەیە وەک ئیستەنبوڵ، کوجالی، دەنیزلی، ئەنتالیا، ئایدن، بورسەت، ئامەد، دیلوک، ئیزمیر، ئەنقەرە، ئەرزروم و ساکاریا تۆمارکراون.
ڕاپۆرتەکە گیانلەدەستدانی چوار منداڵی پشتڕاستکردەوە کە لە بارودۆخی مەترسیداردا کاردەکەن، دوو منداڵیان لە بواری تەلارسازیدا، یەکێکیان وەک شۆفێری گەیاندن بە ماتۆڕسکیل، یەکێکیان لە بواری کشتوکاڵدا، هەروەها شەش ژن کە لە کەرتی خۆراک و پەروەردە و تەندروستی و کارە گشتیەکان کاردەکەن گیانیانلەدەستداوە، لەکاتێکدا کەرتی دامەزراندن بۆ دوو ژن دیاری نەکراوە بەڵام دیاریکراوە کە لە پیشەسازیدا کاردەکەن.
”کرێکاران و سەندیکاکانی کۆچبەر”
ئاماژە بە گیانلەدەستدانی چوار کرێکاری کۆچبەر کراوە کە یەکێکیان جەزائیری، یەکێکیان عێراقی، یەکێکیان میسری و یەکێکیان سوورییە، دوو کەسیان لە بواری تەلارسازیدا کاریان کردووە، یەکێکیان لە کەرتی کەشتیسازی و یەکێکیان لە کەرتی میوانداریدا، زیاتر ئاماژەی بەوەدا کە تەنها دوو کەس لە قوربانییەکان ئەندامی سەندیکا بوون، لە کاتێکدا ١٤٤ کەسیان بەبێ هیچ نوێنەرایەتییەکی سەندیکا کاریان کردووە.
جگە لە مردنەکان، لە ڕاپۆرتەکەدا تیشکی خستۆتە سەر چالاکییە کرێکارییە بەرچاوەکان لە مانگی کانوونی دووەم، کرێکارانی کۆگاکانی میگرۆس لە ٢٣ی کانوونی دووەم ناڕەزایەتی خۆیان لە دژی زیادکردنی ٢٨٪ دەستپێکرد و ئەم ناڕەزایەتیانە بە خێرایی تەشەنەی کرد بۆ کۆگاکانی بەیم، شۆک، ئەی-١٠١ و هاوکاری شوێنی کشتوکاڵ.