لە باکووری کوردستان و تورکیا ١٠ بەشداربووی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکران

لەو ٣٧ کەسەی کە دوای خۆپیشاندانەکان دژ بە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا لە ئامەد، ئێلح و دێرسیم دەستبەسەرکران، ١٠ کەسیان دەستگیرکران.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئێلح چالاکییەکان دژ بە هێرشەکانی هەتەشە، داعش و گرووپە چەتەکان کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن بۆ سەر ڕۆژئاوا، چەندین ڕۆژە بەردەوامن. لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە ئێلح ١٤ کەس دەستگیرکراون، لە ١٤ کەسە حەوتیان 'کە دووانیان منداڵن' فەرمانی زیندانیکردنیان بۆ دەرکراوە.

 

ناوی ئەو کەسانەی کە زیندانیکراون ئەمانەن: ڕەمەزان ئەمون، ئەیوب یەگین، فەریروششا گۆنیەلی، شەڕڤان دەمیر، دەوران گوڤەن، بارش گوڤەن و محەممەد ئەمین تەیموور.

 

دێرسیم

لە دێرسیم، ڕووبار یازجی، ڕێناس ئەکمەن و باوەڕ گوچن، کە دوێنێ بەهۆی بڵاوکراوەکانیان لەسەر دیجیتاڵ میدیا دەستگیکرابوون، بە تۆمەتی "ئەندامێتیی ڕێکخستن" زیندانیکران.

 

ئامەد

لە ئامەد ٢١ کەس کە لە دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا ناڕەزایەتییان نیشاندا، دوای هەڵکوتانە سەر ماڵیان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی ڕێکخستن" و "دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئاساییشی گشتی" دەستگیرکران. لە بەڕێوبەرایەتیی پۆلیس لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.