تەنها لە مانگی ئابدا ١٢ ژن کوژراون یاخود بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە

کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان هەموو هەرێمەکانی باشووری کوردستانی گرتووەتەوە، بناغەکەی ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری و پیاوسالاری پیاوان و کۆمەڵگەیە و تەنها لە مانگی ئابدا، ١٢ ژن کوژراون، یاخود بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بێ گەڕانەوە بۆ بناغەی هۆکارەکانی و دۆزینەوەی چارەسەر، کۆمەڵگە کوشتنی ژنانی لەلا ئاسایی بووەتەوە، پیاوان دەرفەتی زیاتریان بۆ ڕەخساوە تا ژنان بکوژن لە ڕێی نەبوونی یاسا و هەبوونی پاڵپشتی بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بۆیە حاڵەتەکان کەم نابنەوە و زیاتر دەبن، چونکە خودی دەسەڵات بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری حکوم دەکات و ڕێگری لە کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان ناکات.

 

ئاژانسی نوژنها، مانگانە ئاماری توندوتیژی و کوشتن و کوشتنی گوماناوی ژنان بڵاودەکاتەوە، ڕووداوەکانی ژنان بەمشێوەیەیە؛

 

سلێمانی

بەرواری ٢ی ئاب، کچێکی ١١ ساڵ ڕزگار کرا، کە لەلایەن كوڕێكەوە بەرەو سنوری هەولێر‌ و دهۆك ڕفێندرابوو، بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان-سلێمانی دوای دەستگیرکردنی کچ و کوڕەکە لە شاری دهۆک، گەڕێنراونەتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی و با پاراستنی گیانی کچە ١١ ساڵەکە چەند ڕۆژێک لە خانەی داڵدەدراوی ژنانی هەڕەشەلێكراو هێلراوە و پاشان گەڕێنرایەوە بۆ ماڵەوە.

 

كچەكە، کە سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارەکە تۆمار کردووە، لە قسەکانیدا باسی لەوە كرد، تۆمەتبارەكە بە زۆر ڕفاندوویەتی و هەڕەشەی كوشتنی لە خۆی ‌و باوكی ‌و براكەی كردووە، ناچاری كردووە كە بڕێک پارەش لە ماڵەوە بهێنێت بە نیازی ئەوەی كە دەچنە دەرەوەی هەرێم، بۆیە ناچار شوێنی كەوتووە.

 

کەرکوک

٣ی ئاب لە گەڕەکی کەرامەی شاری کەرکوک پیاوێک بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە، دەچێتە سەر ماڵی خەزووری، بە دەستڕێژی فیشەک، هاوژینەکەی و دایک و باوکی هاوژینەکەی دەکوژێت، دوو کەسی دیکەش بریندار دەکات، کەسى هێرشکار پۆلیسە و پاسەوانی کەسایەتییەکانی شارى کەرکوکە، دوای ڕووداوەکە بۆ شوێنێکى نادیار هەڵهات.

 

ڕزگاری

٦ی ئاب لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی گەرمیان، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ بەناوی "نور عەقیل" بە گوماناوی گیانی لەدەستدا، بە پێی زانیاریەکانی لێپرسراوی نوسینگەی توندوتیژی دژی ژنانی ڕزگاری بەپێی وتەی دایک و باوکی، کچەکەیان چووەتە ژورێکەوە و دەنگی تەقە هاتووە و هیچ کێشەیەکیشی نەبووە پێشتر، بەپێی زانیارییەکان گولـلە بەر سنگی کەوتووە و ئەو چەکەی بەکارهاتووە بێ مۆڵەت بووە، هیچ کەسێکیش لەسەر ڕووداوەکە دەستگیر نەکراوە.

 

هەڵەبجە

٧ی ئاب، لە گەڕەکی شارەوانی هەڵەبجە بەهۆی لێچوونی غازەوە ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە، دایکێک و کچەکەی بە سەختی سووتان و بریندار بوون، دایکەکە ناوی نەزیرە حسێن حەمە ساڵح تەمەن ٤١ ساڵان و کچەکەی بەناوی ئارینا تاریق عەزیز تەمەن  ١٨ ساڵانە.

دایکەکە پێشتر گیانیلەدەستدا و کچەکەش لە بەرواری ٢٠ی هەمان مانگ بەهۆی سەختی برینەکەی گیانیلەدەستدا.

 

سلێمانی

٨ی ئاب لە گەڕەکی هوانەی شاری سلێمانی ژنێک بە چەقۆ بریندار کراوە و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا، بەپێی زانیارییەکان ژنەکە تەمەنی ٢٣ ساڵە و هێشتا وردەکاریی ڕووداوەکە نەزاندراوە.

 

کەرکوک

١٠ی ئاب، لە گەڕەکی پەنجا عەلی و لە نزیک ڕێگای پشتێنەی کەرکوک و لە نزیک مەلەوانگەی باباگوڕگوڕ دەستڕێژى گولـلە لە ژن و پیاوێک کرا و بەهۆیەوە بریندار بوون ، بریندارەکان خەڵکی سلێمانی بوون برای ژنەکە لە سلێمانیەوە دوایان کەوتووە و تا دواجار لە گەڕەکی پەنجا عەلی تەقەی لێکردوون، فیشەک بەر سەری خوشکى تەقەکەرەکە کەوت و دۆخی تەندروستی ناجێگیر بوو، زاواکەشی فیشەک بەر سنگی کەوت، هەردووکیان خستنە ژێر چاودێری چڕی پزیشکییەوە.

 

بەپێی زانیارییەکان، ژنەکە ناوی عەزرا منهل نەجمـە و تەمەنی ٢٤ ساڵە، زاواکەش ناوی سامی شکورـە و تەمەنی ٣٩ ساڵە، تەقەکەرەکە هەڵهاتووە.

 

قەڵادزێ

١٠ی ئاب لە گەڕەکی ئاشتی لە شارۆچکەی قەڵادزێ، ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ لەلایەن براکەی خۆیەوە، کە تەمەنی ٣٥ ساڵە بە فیشەک کوژرا، دوای گەیاندنی تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ دەرکەوتووە سێ فیشەکی پێوەنراوە.

 

دوای ڕووداوەکە بکوژەکە خۆی ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشی قەڵادزێ کردووە، بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی ٤٠٦ تۆمەتبارەکە ڕاگیراوە و دەستیش گیراوە بەسەر ئەو چەکەی تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە. 

 

سلێمانی

شەوی ١٧ی ئاب لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی، ژنێکی بەڕەگەز عەرەب کە دەوترێت دایکی چوار منداڵە تەرمەکەی بە خنکێندراوی دۆزرایەوە.

 

ڕاپەڕین

٢١ی ئاب، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لە شاری ڕانیە کە ماوەی چوار ڕۆژ بوو بێسەروشوێن بوو، تەرمەکەی لە ئاوی دەربەندی ڕانیە دۆزرایەوە.

 

بادینان

بەرواری ٢٤ی ئاب، لەسەر رووباری خازر و لە نزیک گوندی خەلیلكان-ی سەر ناحیەی گردەسێن تەرمی دوو ژنی گەنج لە ڕووبارەکە دۆزرایەوە، ئەو دوو ژنە گەنجە لە ڕووبارەکە خنکاون ناویان 'حەنان رەمەزان عەبدۆ' تەمەن ٢٣ساڵ و 'خەڵات شەعبان خەلیل' تەمەن ٢٠ ساڵە.