لە ١٠ ساڵدا ١٠٠ ڕۆژنامەنووس لە عێراق کوژراون
ناوەندی نەخیل بۆ ماف و ئازادی ڕۆژنامەگەری بڵاوىکردەوە، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ١٠٠ ڕۆژنامەنووس لە عێراق کوژراون.
					ناوەندی هەواڵ
ناوەندی نەخیل بۆ ماف و ئازادی ڕۆژنامەگەری سەبارەت بە هەڕەشەى سەر ڕۆژنامەى و ژمارەى ڕۆژنامە کوژراوەکان لە ماوەى ١٠ ساڵی ڕابردوو و لێپرسینەوە نەکردن لە بکوژان، ڕاپۆرتێکى بڵاویکردەوەو تێیدا هاتووە: دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكانی تشرین، كە ٦٠٠ شەهید و هەزاران بریندار و کەمئەندامی لێكەوتەوە، ٣٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانيش لەو خۆپیشاندانانەدا تیرۆر كراون، تا ئێستاش هیچ حکومەتێکی عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ڕانەگەیاندووە، بەتایبەتی حکومەتی ئێستا کە بەڵێنی داوە تاوانباران ئاشکرا بکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوو هەزار و ٧٠٠ دۆسێیەی تاوانکاری چارەسەرنەکراوی پەیوەست بە کوشتن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، كه دەکەونە چوارچێوەی دەربازبوون لە سزادان لە عێراقدا هەیە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ١٠٠ ڕۆژنامەنووس لە عێراق کوژراون و ١١ حاڵەت هەیە، کە ١٠ ساڵی بەسەردا تێپەڕیووە و دۆسێیەکەیان یەكلایی نەكراوەتەوە، ئەمەش عێراق دەخاتە پلەی حەوتەم لە جیهاندا لە پێوەرەکانی دەربازبوون لە سزا، سەبارەت بە دۆسێیەى ڕۆژنامەنووسان.