لە هەڵەبجە یادی ٤٩ ساڵەی بۆردومانی شارەکە کرایەوە

ئەمڕۆ ٤٩ ساڵ بەسەر یەکێك لە گەورەترین تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دژی خەڵکی بێتاوانی ھەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، ئەویش تاوانی بۆردومانی ھەڵەبجەیە بە چەکی وێرانکەری ناپاڵم لە ٢٦ نیسانی ساڵی ١٩٧٤.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە ٢٦ نیسان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەھیدانی ھەڵەبجە لە مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە مەراسیمی دانانی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفایان بۆ یادی قوربانیانی ئەو تاوانە رێکخست.

 

سەبیحە ساڵح کە براکەی شەهیدی بۆردومانی ساڵی ١٩٧٤ە، بەسەرهاتی خۆی گێرایەوەو لە لێدوانیکیدا بۆ نوژنها وتی: "ڕۆژی بۆردومانەکە میوانی زۆرمان هەبوو و لە سلێمانییەوە کەسوکارمان هاتبوون، براکەم بۆ پیاسە چوبوو بۆ دەوروبەری گوڵان و چاوگ لەکاتی گەرانەوەیان بۆ پیر محمد لە کاتژمێر چوار لە کاتی بۆردومانەکە ئێمە لەگەڵ خزم و کەسوکارەکەماندا ڕۆشتینە ژێر زەمینەکەوە و هیچمان لێ بەسەر نەهات بەڵام دوای کەمێک هەواڵی شەهیدبوونی براکەممان بۆ هات."

 

 سەبیحە بە دڵتەنگیەوە باس لە رووداوەکە دەکات و دەڵێت: " ئێمە هەموو ڕۆژێکمان هەروەک ئەو رۆژە وایە و چەند ساڵ بەسەریدا تێبپەڕێت قەت بیرمان ناچێتەوە چونکە براکەم گەورە بوو و کەسێکی باش بوو هەرگیز برینەکانمان ساڕێژ نابن."

بۆردومانی ساڵی ١٩٧٤ ی هەڵەبجە بووە هۆی شەهیدبوونی ٥٢ ھاوڵاتی بێتاوانی ھەڵەبجە و زیاتر لە ١٠٠ کەسی دیکە برینداربوون.