کەژەکە ماڵئاوایی لە یەکێک لە دامەزرێنەرانی دایکان و داپیرانی پلازا دی مایۆ کرد
ڕێکخراوی ژنانی کوردستان کەژەکە پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی میرتا ئاکونا دی پاراڤالی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی دایکانی پلازا دی مایۆ لە ئەرجەنتین بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، خەونیان بۆ ژیانێکی دادپەروەر و ئازادە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی ژنانی کوردستان-کەژەکە لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا بۆ میرتا ئاکونا دی پاراڤالی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی دایکانی پلازا دی مایۆ لە ئەرجەنتین، پشتڕاستی کردەوە کە میراسی بەرخۆدان و خەباتەکەی بە زیندووی دەهێڵێتەوە.
میرتا ئاکونا دی پاراڤالی، دایکی ئاشتی و چالاکوانی مافی مرۆڤی ئەرجەنتینی ڕۆژی ١ی ئەم مانگە لە تەمەنی ٩٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، یەکێک بوو لەو ١٤ ژنەی کە لە مەیدانی بەردەم کاسا ڕۆسادا کۆبوونەوە و داوای ئازادکردنی منداڵ و نەوەکانیان کرد لە ٣٠ی نیسانی ١٩٧٧.
ڕێکخراوەکە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، میرتا ئاکونا دی پاراڤالی دایکی پلازا دی مایۆ بووە، کە لە ساڵی ١٩٧٧ تا ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ ژیانی بە خەبات بەسەر بردووە و تا کۆچی دوایی بووە دەنگی هەموو ئەو دایک و داپیرانەی کە منداڵەکانیان لەدەستداوە بەهۆی سەرکوت و فاشیزمەوە.
میرتا ئاکونیا دی پاراڤالی هاوڕێیەتی خۆی لەگەڵ گەلی کورد و بەتایبەت دایکانی شەممە پاراستووە، بەڵام بەداخەوە سەرەڕای هەموو هەوڵ و بەرخۆدان و خەبات و هەوڵ و حەسرەتی خۆی، نەیتوانی نەوەکەی وەربگرێتەوە وسەرەڕای ئەم نادادپەروەرییە گەورەیە، پاشەکشەی نەکرد لە خەباتە پیرۆزەکەی، و بوو بە هێما.