کۆنگرەی ستارو پەیەدە: ئەوەی لە شنگال ڕوویدا کۆمەڵکوژییەک بوو کە بەرامبەر بە گەلی ئێزدی ئەنجام درا

پەیەدە و کۆنگرەی ستار لە لبنان، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بە بۆنەی ١٢ەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژیی شنگالەوە، جەختیان لەوە کردەوە، کە ئەو تاوانەی داعش بەرامبەر بە ئێزدییەکان ئەنجامی دا، تا ئێستاش شوێنەوارە قورسەکانی بە زیندوویی ماونەتەوە.

لوبنان

 

بۆ ١٢ەمین ساڵی کۆمەڵکوژیی شنگال، هەریەکە لە پەیەدە و کۆنگرەی ستار لە لوبنان ئەمڕ ٣ی ئاب ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان دەرکرد و تێیدا هاتووە: لە ٣ی ئابی هەموو ساڵێکدا، ڕۆڵەکانی گەلی کورد و لەگەڵیاندا ئازادیخوازانی جیهان، ساڵڕۆژی ناخۆشی کۆمەڵکوژیی شنگال بەهبیر دەهێننەوە کە لە ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا دەستی پێکرد، کاتێک گەلی ئێزدی ڕووبەڕووی هێرشێکی دڕندانەی داعش بوونەوە لە یەکێک لە دڕندەترین ئەو تاوانانەی کە سەدەی بیست و یەکەم بینیویەتی، لەلایەن لایەنە نێونەتەوەییەکانەوە بە کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە ئێزدییەکان پۆلێن کراوە.

 

لە یادکردنەوەی ئەم ساڵرۆژەدەدا، پەیەدە و کۆنگرەی ستار جەختیان کردەوە کە ئەوان سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەنەوێنن، بە خەمێکی گەورەوە هەزاران قوربانی، ڕفێنراو و بێسەروشوێن بەبیر دێننەوە، لەگەڵ ئەو هەزاران کەسەی ناچار بوون کۆچ بکەن و ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن، لە کاتێکدا شوێنەوارەکانی ئەو تاوانە تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوام ماوەتەوە لەگەڵ سەدان کەسی بێسەروشوێن و بەردەوامی نەهامەتیی ڕزگاربووان.

 

ژنان ئامانجی سەرەکی بوون

ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوە دا، کە ژنی ئێزدی ئامانجی سەرەکی ئەو هێرشە بوو کە داعش بۆ سەر شنگال ئەنجامی دا، کاتێک ڕووبەڕووی پێشێلکاریی سیستماتیک و بێوێنە بووەوە کە بریتی بوون لە کوشتن، ڕفاندن، کۆیلایەتی سێکسی، دەستدرێژی، هاوسەرگیری زۆرەملێ، مامەڵەکردن بە مرۆڤ و فرۆشتنیان لە بازاڕی کۆیلەکاندا، جیا لە دەرکردنی زۆرەملێ و جیاکردنەوەی ئەندامانی خێزان لە یەکتر، ئەم تاوانانە ئامانجیان لەناوبردنی کۆمەڵگەی ئێزدی و بەئامانجگرتنی کولتوور و بوونیان بوو، لە ڕێگەی بەکارهێنانی ژنان و منداڵانی کچ وەک ئامرازێک بۆ تیرۆر و لەناوبردن.

 

ڕاگەیاندراوەکە ڕوونی کردەوە، کە بڕیار و ڕاپۆرتە دەرچووەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییە تایبەتمەندەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوەی بەرامبەر بە ئێزدییەکان ئەنجام درا بەتایبەت ژنان و منداڵانی کچ، بەپێی بڕیارەکانی یاسای نێونەتەوەیی پلەی تاوانی کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی هەیە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵان بەسەر ئەم کارەساتەدا، دەردەسەری و نەهامەتیی ڕزگاربووان بەردەوامە و چارەنووسی ژمارەیەک لە ژنە ڕفێنراوەکان هێشتا نەزانراوە، ئەمەش پێویستی بە دووچەندکردنی هەوڵە نێونەتەوەییەکان هەیە بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسیان، لێپرسینەوە لەگەڵ سەرجەم بەرپرسانی ئەو تاوانانە، پێشکەشکردنی هاوکاری گشتگیر بۆ ڕزگاربووان، دڵنیابوونەوە لە نەبوونی لێخۆشبوون لە سزاکان.

 

ژنانی ئێزدی بوونەتە سیمبولی جیهانی

جەختی لەوە کردەوە، کە ژنی ئێزدی بووەتە سیمبولێکی جیهانی بۆ خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، دۆزەکەی دەبێتە شاهیدێکی زیندوو لەسەر پێویستی پاراستنی ژنان لە ناوچەکانی ململانێ، بەهێزکردنی دادپەروەریی گواستنەوە، پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەم شێوەیە بەرامبەر بە هیچ گەل و پێکهاتەیەک لە جیهاندا.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوەی لە شنگال ڕووی دا تاوانێکی تێپەڕ نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامێکی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی سەرنەکەوتن بوو لە پاراستنی هاوڵاتییان و بڵاوبوونەوەی بیری توندڕەو و تیرۆر، ئەمەش لەسەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و حکومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەسەپێنێت کە بەرپرسیارێتییە یاسایی و ڕەوشتییەکانیان هەڵبگرن بۆ دڵنیابوونەوە لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەم شێوەیە، کاری جددی بکەن بۆ تەواوکردنی دۆسییەکانی دادپەروەری و لێپرسینەوە، ئاشکراکردنی چارەنووسی سەرجەم ڕفێنراوان و بێسەروشوێنان، ئاوەدانکردنەوەی شنگال، دابینکردنەوەی بارودۆخی پێویست بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی بۆ زێدی خۆیان بە ئارامی و کەرامەتەوە ”جەخت دەکەینەوە کە دۆزی شنگال تەنها دۆزی گەلی ئێزدی نییە، بەڵکو دۆزێکی مرۆیی و نیشتمانییە کە دەستکاری ویژدانی جیهانی دەکات، پێویستی بە هەڵوێستێکی نەگۆڕی نێونەتەوەیی هەیە بۆ پاراستنی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی بە هەموو شێوازەکانییەوە و چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ.

 

پەیەدە و کۆنگرەی ستار لە لوبنان سەرلەنوێ هاوسۆزی تەواوی خۆیان لەگەڵ ڕۆڵەکانی شنگال دووپات کردەوە، کە وەفا بۆ بەرخۆدانی قوربانییەکان پێویستی بە بەردەوامبوونی کارکردن هەیە لە پێناو ڕاستی، دادپەروەری، و دانپێدانانی تەواو بە کۆمەڵکوژییەکە، لێپرسینەوە لەگەڵ سەرجەم بەرپرسانی تێیدا، مسۆگەرکردنی دژاۆڕۆژێکی ئارام کە ئاشتی، کەرامەت و پێکەوەژیان باڵی بەسەردا کێشابێت، شکۆ و نەمر بۆ شەهیدانی شنگال، ئازادی بۆ سەرجەم ڕفێنراوان، دادپەروەری بۆ هەموو قوربانییەکان.