کەژەکە: بە ڕۆحی سەفەربەری بەشداری تێکۆشان دەکەین

کۆردیناسیۆنی کەژەکە دژی هێرشەکانی پیاوسالاریی و دەوڵەت بەرامبەر بە ژنان، داوای بەرفراوانکردنی تێکۆشانی کرد و ڕایگەیاند، داوا لە هەموو کەسێک و بە تایبەت ژنان دەکەین، بە ڕۆحی سەفەربەرییەوە بەشداری بکەن لە تێکۆشانی پاراستن و هۆشیاریی.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆردیناسیۆنی کەژەکە سەبارەت بە هێرشە پیاوسالاریی و دەسەڵاتدارییەکان بەرامبەر بە ژنان، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاو کردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بە سیاسەتەکانی لەناوبردن و کاولکاریی وەڵامی تێکۆشان بۆ بوون و ستاتۆی گەل و ژنانی کورد دەدرێتەوە، لەسەر ئەم بنەمایە، یادی “غەزاڵ مەولان” دەکەینەوە، کە لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەکانی (هێرشی درۆنی) ڕژێمی ئێرانەوە شەهید بوو، سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهید مەولان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و گەلی کورد دەکەین.

 

کەژەکە ڕاشیگەیاند، ڕژێمی ئێران وێڕای ئەوەی بەرامبەر بە ئێران هیچ چالاکییەکی چەکداریی نییە، کەچی هێرش دەکاتە سەر ئەو حیزبانەی کە بۆ هەبوونی گەلی کورد تێ دەکۆشن، ئێمە بە توندی ئەم هێرشانە شەرمەزار دەکەین و بانگەواز لە ڕژێمی ئێران دەکەین، بۆ داننان بە ستاتۆی کوردان و گۆڕانکاریی بە ئاڕاستەی کۆماری دیموکراتیک، لەگەڵ هێزی هاوپەیمانیی دیالۆگ و دانوستان بکات، کە ئیرادەی سیاسیی گەلی کوردە، هەروەها داوا لە ژنانی کورد دەکەین، خاوەنداریی لە غەزاڵ مەولان بکەن و وەک بەهایەکی یەکێتیی نەتەوەیی، بۆ ئازادیی تێکۆشانێکی مەزن بکەن.

 

لە بەردەوامیی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، سیاسەتی داگیرکاریی و لەناوبردن دژ بە کوردان، لە ناو کرۆکی دەوڵەت-نەتەوەی سەردەستدایە و ڕێگەی بۆ داتەپین و ڕزین کردووەتەوە، کە گەیشتووە بە ئاستی هەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتیی.

 

هەروەها کەژەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناو کەیسی ونبوونی “گوڵستان دۆکو”، جارێکی دیکە تیشکی خستە سەر ئەو ڕاستییەی کە سیستەمی شەڕی تایبەت لە کوردستان، لە لایەن تۆڕێک لە بەرپرسانی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکان و هێزە ناوخۆییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت، گوڵستان دۆکو بە هەماهەنگیی پارێزگار، بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا و بێسەروشوێن کرا، ئێستاش شەڕێکی تایبەت بۆ گۆشەگیرکردن و گرتنی ژنانی کورد، بە هێرشی قورسی سەربازیی و سیاسیی بەڕێوە دەچێت، بەرامبەر بەم شەڕە تایبەتە بێدەنگ نابین.

 

ڕای گشتیی دەزانێت کە ئەم شەڕە تایبەتە و ڕووداوە هاوشێوەکانیان، تەنها حاڵەتی تاکەکەسیی نین، بەڵکو ڕێکخراوێکی شەڕی تایبەتە کە ڕەگی داکوتاوە، دۆسیەی “ن. چ” دیارترین نموونەی دەستدرێژیکردنە سەر ژنانە، کە کۆی تاوانباران بەرپرسی گشتیین، لە ڕۆژئاوا کوشتنی ژن و تاوانی دەستدرێژیی لە ڕێگەی پەیوەندیی دەسەڵات و سامانەوە ئەنجام دەدرێت، لە کوردستانیش بکەرانی ئەم تاوانانە بەرپرسی گشتیین؛ وەک پارێزگار، قایمقام، ئەفسەرانی پۆلیس، مامۆستایان، جەردەوان و هاوکارانی ناوخۆیی، دەیان هەزار گەنج و ژن لە ڕێگەی لەشفرۆشیی و ماددە هۆشبەرەکانەوە، پەلکێشی ئەم تۆڕە تەڵەییە دەکرێن، بۆیە ئەو حاڵەتانەی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لە ناو ئەم تەڵەیەدا ئەنجام دەدرێت، هەڵوێستی ئەمنیی دەوڵەتیش تەنها پەردەپۆشکردن و ونکردنی ئەم تاوانانەیە.

 

دەشڵێت: ئێمە داوا لە تەواوی گەل و ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین، پێویستە کار و تێکۆشان بۆ بەدواداچوونی ئەو کەیسانە و سزادانی بەرپرسان چڕتر بکرێتەوە، بەڵام نابێت پرسەکە تەنها وەک حاڵەتێکی ناوخۆیی و کەسیی سەیر بکرێت، پێویستە کار بۆ ئاشکراکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو تاوان و پێکهاتە تایبەتانەی شەڕ بکرێت، ئەگینا ئەم پرسە بەردەوام دەبێت.

 

کەژەکە لە کۆتاییدا باسی لەوە کردووە، داوا لە ژنان و گەنجان بە تایبەتیی دەکەین، پەیوەندیی لەگەڵ هیچ کەس و پێکهاتە و هێزێک دروست نەکەن کە شۆڕشگێڕ و دیموکراسیی و وڵاتپارێز نەبێت، ئەمە بەهێزترین خۆپاراستنە، پاراستن و گرنگیدان بە کۆمەڵگە، بەهێزترین خۆپارێزییە، جگە لەوەش، “خۆبوون” کە پێوەرێکی بنەڕەتیی ئازادیی ژنانە، دەبێت وەک تاکی ئازادی ژن و پیاو پراکتیزە بکرێت، داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە ڕۆحی سەفەربەرییەوە لە دژی هێرشەکانی پیاوسالاریی و دەسەڵات و دەوڵەت بۆ سەر گەل و ژنانمان، بەشداریی تێکۆشانی پاراستن و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی بکەن.