کوژرانی ١١ پەنابەری ئەفغانی لە لایەن پاسەوانانی سنووری ئێرانەوە

١١ پەنابەری ئەفغانی لە سنووری ئەم وڵاتە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژران و تەرمەکانیان بۆ ئەفغانستان گواستراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی هەواڵی بڵاوکراوەکان و سەرچاوە ئاگادارەکان، ڕۆژی یەکشەممە سوپای ئێران لە دوایین تاوانیدا ١١ پەنابەری ئەفغانی لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران و ئەفغانستان کوشتووە.

 

هەندێک لە میدیاکانی ئەفغانستان بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە "دوای تەقەکردن لەلایەن سەربازانی ئێران، ١١ گەنجی ئەفغانی لە ناوچەی سنووری سەراوان کوژراون".

 

ئەم تاوانە لە ناوچەی سەراوان کە دەکەوێتە بەلوچستان ڕووی داوە و کوژراوەکان دانیشتووی پارێزگای نیمرۆز بوون کە دەکەوێتە ئەفغانستان و زۆربەیان بەلووچین، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە تەرمی ئەم ١١ کۆچبەرە لە سنووری پردی ئابریشمەوە بۆ پارێزگای نیمرۆز گواستراونەتەوە.

 

لەگەڵ هاتنە سەرکاری تاڵیبان لە ئەفغانستان، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ئەفغانی لەم وڵاتە هەڵدێن، ئەو پەنابەرانەی کە هەوڵ دەدەن لە دەست تاڵیبانی ئەفغانستان هەڵبێن و ئێران و تورکیا ببڕن بۆ ئەوەی بگەنە شوێنێکی ئارام، بەڵام لە چنگی تاڵیبانەکانی دیکەدا دەگیرێن و بە دەستی هێزە سەربازییەکانی ڕژێمی ئێران و تورکیا دەکوژرێن.