لە ناوچە جیاوازەکانی باکووری کوردستان نەورۆز پیرۆزدەکرێت
بە بەشداری هەزاران کەس لە ناوچە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا جەژنی نەورۆز پیرۆزدەکرێت.
ناوەندی هەواڵ
بە بەشداری هەزاران کەس لە ناوچە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا جەژنی نەورۆز بە چەندین مەراسیم پیرۆزدەکرێت و تێیدا بانگەواز بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکرێت و یادی دەیان هەزار کەسی قوربانیی بومەلەرزەکانیش دەکرێتەوە.
مەراسیمەکانی ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆز بە پێشەنگایەتی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتی –كەجەدە، تەڤگەری ژنانی ئازاد – تەژەئا، پارتی هەرێمە دیموكراتییەكان-دەبەپە، پارتی دیموكراتی گەلان -هەدەپە و كۆنگرەی دیموكراتی گەلان- هەدەكە، لە ٤٣ ناوچەی جیاواز لە باكووری كوردستان و توركیا پیرۆز دەكرێت.
لە نەورۆزی ئەمساڵ دروشمەکانی ئازادی دەوترێنەوە و لە ٣٤ شار ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و بۆ یەکەمجار لە ناوچەی شەمزینانی سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ لە ١٥ی ئادار ئاگری نەورۆز كرایەوە، ئەمڕۆش بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە و بە بەشداری هەزاران كەس نەورۆز پیرۆزکرا، لە شاری وان سەرەڕای بارانبارینی زۆر هەزاران کەس کۆبوونەوە و بەرەو پارکی نەورۆز لە قەڵای وان بەڕێکەوتن و بە جلی کوردییەوە نەورۆزیان پیرۆزکرد.
لە شارەكانی وەک، قۆسەر، ئیستەنبوڵ، گەڤەر، دێرسیم، چەڤلك، سێرت، ئیدر، مووش، ئەنقەرە، مێرسین، ئانتالیا، ئیزمیر، ئایدن، موگلە، دەنزلی، بورسا، تراكیا و چەند ناوچەیەكی دیكە نەورۆز پیرۆز كرا.
لە نەورۆزی ئەمساڵ کوردان بە دروشمەکانی “هەموو شوێنێك نەورۆز، هەمیشە ئازادی”، داوای ئازادی ڕێبەری گەلی كورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەکرێت، هەروەها لە درێژەی مەراسیمەکانی ئامادەکاری جەژنی نەورۆز بڕیارە ڕۆژی ٢١ی ئادار لە ئامەد، جزیر، وێرانشار و چاناككا بە مەڕاسیمی جەماوەری گەورە نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی پیرۆزبکرێت.