کژار پشتیوانی خۆی بۆ چالاکوانە دەستگیرکراوەکان دەربڕی
کژار لە ڕاگەیەننراوێکدا ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی گرت و پشتیوانی خۆی بۆ چالاکوانە دەستگیرکراوەکانی ئێرانی دەربڕی.
ناوەندی هەواڵ
هەفتەی ڕابردوو تەرمی پارێزەر خەسرەو عەلی کوردی تەمەن ٤٦ ساڵ لە نوسینگەکەی دۆزرایەوە و بنەماڵەکەی وتیان، هێزەکانی ئاسایش دەستیان بەسەر گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری لە شوێنەکەدا گرتووە، بەو هۆیەوە چالاکوانان لە مەراسیمەکەیدا بەشداریان کرد و ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەوهۆیەوە ژمارەیەک لە چالاکوانان و هاوڵاتییان دەستگیر کران.
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" سەبارەت بە دەستگیرکردنی چالاکوانانی ئێران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: بەدرێژایی پەرەسەندنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێران ژنان هەمیشە ڕۆڵێکی چالاکیان هەبووە و هەر بەو هۆیەشەوە لە کاتی جیاجیادا ڕووبەڕووی کۆتوبەند و فشاری ئەمنی بوونەتەوە، هەروەها ئەم ڕێوشوێنانە بەتایبەتی دژی ژنانی چالاک لە بوارە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکاندا جێبەجێ دەکرێن.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە مەراسیمی خەسرەو عەلی کوردی بەشێک لە بەشداربووان و چالاکوانانی ژن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا ڕووبەڕووی پێکدادان بوونەوە و دەستگیر کراون، ئەو کارانە لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی حکومەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندان و چالاکییە ڕەخنەگرەکان هەڵسەنگێنراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بە نێرگز محەمەدی، هەستی ئەمیری و سپیدە قوولیان کردووە کە وەک چالاکوانان ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی بوونەتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا کژار جەختی لە پێویستی هاوخەباتی و هاوکاری نێوان ژنان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردەوە، بە مەبەستی بەدواداچوونی مافە کۆمەڵایەتی و یاسایی و مەدەنییەکان و داوای بەردەوامی چالاکییە هاوبەشەکانی کرد لەم بوارەدا.