کەژار: بە ڕۆحی ڕاپەرینی ژن، ژیان، ئازادی ئاگری نەورۆز دەکەینەوە
کەژار بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە بە جۆشێکی زۆرەوە بەشداری بکەن بۆ ئاهەنگ گێڕانی نەورۆز.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان "کەژار" وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەروەها ژنان و سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگە، داوای کردووە سەرجەم گەلانی ئازادیخواز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەهەمان گیانی ڕاپەرینی "ژن، ژیان، ئازادی"ییەوە ئاگری نەورۆز گەشاوەتر بکەن و نەورۆزی ئەمساڵ بکەنە ساڵی پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی تێکۆشانی ئازادی گەلان.
"نەورۆزی ئەمساڵ پارێزگارییە لە دەستکەوتەکانی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلان"
لە ڕاگەیەندراوەکەی کەژاردا هاتووە: لە کاتێکدا بەرەوپیری نەورۆزی ئەمساڵ دەچین، کە دەنگی بەرخودان و تێکۆشانی گەلانی ئازادیخواز، بە پێشەنگایەتی ژنان لە کوردستان، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووەتە بەر گوێی گەلانی جیهان. زیاتر لە ساڵ و نیوێکە کە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئارادایە، شۆڕشێک کە سەرلەنوێ ئاگری دڵەکانی گەشاندەوە و گڕی بەردایە داوێنی ستەم، بۆ ئەوی لە ریشەوە بیسوتێنێت، شۆڕشێک کە ژیانی لە هەموو کات واتادارتر کرد کرد و توانی هەموان لەم واتا بەخشینەدا هاوبەشی پێبکات. تێکۆشانی بەرین، سەرهەڵدانی یەک لە دوای یەک و ناڕەزایەتی ئامانجدار، دەرخەری ئەم واتاداربوونەیە. دروشمی پڕزایەڵەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە چیاکانی کوردستانەوە سەریهەڵدا و گەیشتە کۆڵان، شەقام، گوند و شارەکانی کوردستان، دروشمێک کە واتا و چەمکەکەی، ڕزگاری لە ستەم، هەڵاواردن و هەڕەشە و لە هەمان کاتدا بونیادنانی ژیانی ئازاد و دیموکراتیکە، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئەو سێ وشەیە وێژەیەکی خۆڕاگری و تێکۆشان بخوڵقێنێت. بینیمان کە بە درێژایی یەک ساڵی ڕابردوو، چالاکییەکان و ناڕەزایەتیەکان بە شێوەی جیاجیا بەردەوام بوون و لە رۆژی جیهانی هەشتی مارسی ئەمساڵ، شێوەی چالاکیەکان بۆن و رەنگێکی تایبەتی بەم تێکۆشانە بەخشیبوو. لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژنان سەرباری هەموو فرت و فێڵ و رێکارەکانی رژێم بۆ سەرکوت، یادی شەهیدانی شۆڕشی ساڵی رابردوویان بەرزڕاگرت. دایکانی شەهیدان پێشەنگی ئەم چالاکیانە بوون.
"گەلی کورد پێداگیری لە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکات"
گەلی کورد لە گردبوونەوە جیاجیاکان، پێداگری لەسەر ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دەکات و ئەوە دەخاتەڕوو کە ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ ، یەکێتی و چالاکی هاوبەشی گەلانی ئازادیخواز بە گوڕوتینتر دەکات، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش ماوەی چەند ڕۆژێکە کە جەژنی نەورۆز، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێکردووە و دایکانی شەهیدان، سەرچۆپی کێشن و خواست و ئاواتی ڕۆڵەکانیان باس دەکەن،. ئەوان ئەم جارە دەستی ڕۆڵەکانی دیکەی نیشتمان دەگرن و شان بە شانی و لە تەنیشت یەکترەوە بەشێوەی بەهێزتر لە هەموو کات پدەکوتن و داوا لەوانی دیکەش دەکەن بەشداربن لەم بازنەی جوانی هەڵپەڕکێدا، لە بنەڕەتدا دەتوانرێت بوترێت، نەورۆزی ئەمساڵ هەڵگری پەیامی دادخوازی و تێکۆشانی گەلانی ئازادی خوازە، گەلێک کە پەیوەست و پابەندە بە نیشتمان و کولتورەکەیەوە و لاپەڕە زێڕینەکانی بەرخودان تۆمار دەکات.
لەم ڕوانگەیەوە، کەژار وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە رێبەری ئازادیخوازی جیهان "رێبەر ئاپۆ" و هەروەها ژنان و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە دەکات، داوا لە هەموو گەلانی ئازادیخواز لە سەرتاسەری کوردستان و ئێران دەکات بەو گیانی شۆڕشگێڕییەی "ژن، ژیان، ئازادی"ییەوە ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ لە هەموو کات زیاتر گەشاوە بکەن، لە کۆڵانەکان تا شەقام و گوند و شارەکان، ئەو ئاگرە داگیرسێنن و کولتوور و واتای نەورۆز بە جیهانیان نیشان بدەن.