نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی مێشک

بەگشتی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا هیچ نیشانەیەکی ڕوونی وەرەمی شێرپەنجەیی مێشک دەرناکەوێت، بۆیە نەخۆشەکە داوای یارمەتی پزیشکی پسپۆڕ ناکات تا نەخۆشیەکە دەگاتە قۆناغە پێشکەوتووەکانی.

ناوەندی هەواڵ

 

پرۆفیسۆر ئەلێکساندەر سیریاکۆڤ، پزیشکی شێرپەنجە، ئەو نیشانانە دەستنیشان دەکات کە پێویستە گرنگییان پێبدرێت و پشتگوێ نەخرێت.

 

سەرئێشە، یەکەم و باوترین نیشانەی وەرەمێکی شێرپەنجەییە لە مێشکدا، تایبەتمەندی جیاکەرەوەی بریتییە لە زیادبوونی ئازارەکەی لە نیوەی دووەمی شەو یان دەوروبەری بەیانیان، هەروەها لە کاتی بارودۆخی فشار و ماندووبوونی جەستەیی ئەم ئازارە زیاد دەکات، بۆیە ئەگەر ئەو جۆرە نیشانانە دەرکەوتن، پێویستە کەسەکە ڕاوێژ بە پزیشک بکات.

 

ڕشانەوە، یەکێکی دیکەیە لە نیشانەکانی وەرەمی مێشک، بەتایبەتی کاتێک لە بەیانیاندا هاوکات لەگەڵ سەرئێشە دەردەکەوێت، ئەم هەستە پەیوەندی بە خواردنەوە نییە و سکچوونی لەگەڵدا نییە، لە منداڵاندا لەوانەیە بە جیا لە نیشانەکانی تر دەربکەوێت.

 

نیشانەیەکی دیکەی وەرەمی شێرپەنجەیی لە مێشکدا دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی بارودۆخی دەروونی کەسەکە، وەک دەرکەوتنی کێشە لە یادەوەری و بیرکردنەوە و تێگەیشتن و تەرکیز، لەوانەیە نەخۆشەکان کێشەیان هەبێت لە دیاریکردنی شوێن و کاتی خۆیان، نەخۆشەکە توشی دەمارگیری دەبێت، هەندێک کاتیش بە پێچەوانەوە بێهێزی دەبێت.

 

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەکردووە، سەرئێشە لەنێو نیشانە سەرەتاییە ئاشکراکاندا هەژمار کردووە، لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا کێشەی بینینیش دەردەکەون، توانای بینین بەهۆی وەرەمی شێرپەنجەییەوە کەمدەبێتەوە، ئەگەر لە کاتی خۆیدا چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینینی تەواو، پێویستە ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکەی و چارەسەری گونجاوی بۆ بنووسرێت.