عێراق.. وشکەساڵی دەریاچەی گەشتیاری حەبانیە دەکاتە گۆمێکی وشک

بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو و وشەکەساڵی بەشێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی عێراق لەناوچوون، دەریاچەی حەبانیە ئێستا بووەتە گۆمێکی وشک.

ناوەندی هەواڵ

 

شاری گەشتیاریی نزیک دەریاچەی حەبانیە لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق تەنانەت لە گەرمترین ڕۆژەکانی مانگی ئابیشدا سەردانیکەرانی هەبووە، بەڵام ئەو وشکەساڵیەی عێراقی گرتووەتەوە، کاریگەری لەسەر دەریاچەکەش دروستکردووە و بووەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی گەشتیار.

 

ئەو شارە گەشتیارییە چیتر بوونی نەماوە، لە کاتێکدا لە ڕابردوودا یەکێک بووە لە باشترین هاوینەهەواری گەشتیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای ساڵی ١٩٧٩، بەڵام ئێستا دەریاچەکە بووەتە حەوزێکی ئاوی وەستاو کە بۆ خواردنەوە و مەلەکردن شیاو نیە.

 

ساڵح محمد، بەڕێوەبەری بەشی وردبینی و کۆنترۆڵی ناوخۆ لە شاری ڕەحبانیە ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی شارەکە دەکەن زۆر لاوازە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا سەرەڕای کەرەنتینە بەهۆی پەتای کۆرۆنا، تۆماری حجزکردنی شوقە گەشتیارییەکان ٩ هەزاریان تێپەڕاند، بەڵام لە ئێستادا لە سەرەتای ساڵەوە ٣ هەزاریان تێنەپەڕاندووە.

 

جەمال عەودە سەمیر، بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگای ئەنبار ڕوونیدەکاتەوە، ئێستا دەریاچەکە تەنها ٥٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، لەکاتێکدا زۆرترین توانای ئاوی ٣.٣ ملیار مەتر سێجایە، لە ساڵی ٢٠٢٠ سەر ڕێژبووە.

 

کەمبوونەوەی ئاستی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کاریگەری لەسەر دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووباری فوراتیش هەبووە کە لە تورکیاوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمەش بە هۆکارێکی سەرەکی وشکبوونی حەبانیە دادەنرێت.

 

عێراق لە چوارەمین ساڵی وشکەساڵیدا دەژی، بەگوێرەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا، هەروەها یەدەگی ئاوی عێراق لە ئێستادا نزمترینە لە مێژووی دەوڵەتی هاوچەرخی عێراقدا لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە.