ژنانی عێراق ماراسۆنی پاسکیلسواریان بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ڕێکخست

تیمێکی پاسکیلسواری ژنانی عێراقی ماراسۆنێکیان ڕیکخست بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە ژێر دروشمی "نا بۆ ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکەمدا".

ناوەندی هەواڵ

 

تیمێکی پاسکیلسواری ژنانی عێراق ڕۆژی شەممە ماراسۆنی پاسکیلسوارییان ڕێکخست لە ژێر دروشمی "نا بۆ ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکەمدا".

 

لە ڕاپۆرتێکدا کە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، باس لەوە دەکات کە عێراق لەم ساڵانەی دواییدا شایەتی بەرزبوونەوەی گەورەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بووە، ئەمەش وایکردووە دەسەڵاتداران بەدوای هۆکار و چارەسەرییەکانیدا بگەڕێن، لەڕێگەی سەرکوتکردنی بازرگانان و یارمەتیدانی چاکبوونەوەی ئالوودەبووان هەوڵی ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی دەدەن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونی کردەوە کە میتامفیتامین، یان کریستاڵ میت کە سەرچاوەکەی ئەفغانستان یان ئێرانە، لە باوترین ماددە هۆشبەرەکانی ئەمڕۆی عێراقە، شانبەشانی کپتاگۆن کە لەسەر ئاستی پیشەسازی لە سوریا بەرهەمدەهێنرێت و لە ڕێگەی عێراقەوە بازرگانی پێوەدەکرێت بۆ سعودیە و وڵاتانی دیکەی دەوڵەمەند بە نەوت دەوڵەتانی کەنداو، کە تێیدا بەناوبانگی بەدەستهێناوە.

 

مانگی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ یەکەمجار کارگەیەکی بەرهەمهێنانی کاپتاگۆنیان لە پارێزگای موتەننا لە باشووری عێراق دۆزیەوە، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کارگەکە ئامادەکاری بۆ دروستکردنی حەبی مادەی هۆشبەری کاپتاگۆن کردووە، کەرەستە خاوەکانی ناو کارگەکە بە زیاتر لە ٢٧ کیلۆ مەزەندە دەکرێت، لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە عێراق لە مێژە وڵاتێک بووە بۆ گوستنەوەی کاپتاگۆن.