کۆی گەنمی عێراق پێداویستییەکانی ساڵێک پڕ دەکاتەوە

بەرهەمی ناوخۆیی گەنمی ئەمساڵی عێراق، پێداویستییەکانی هاووڵاتیان تا مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٤ پڕدەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئاژانسی هەواڵی عێراقی، وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاندووە، بەرهەمی ناوخۆیی گەنم بۆ ساڵی ٢٠٢٣ تا مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٤ پێداویستی عێراق پڕدەکاتەوە.

 

بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، پێویستی عێراق بە گەنم لە ماوەی ساڵێکدا ٤.٦ ملیۆن تۆنە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەرهەمی گەنم لە وەرزی ئێستادا گەیشتووەتە ٥.٢ تەن.

 

بازاڕی عێراق ساڵانە پێویستی بە نزیکەی ٤.٢ ملیۆن تۆن هەیە بۆ بەدەستهێنانی خۆبژێوی لە بەرهەمی گەنمدا.

 

عێراق لە ماوەی سێ ساڵی پێش جەنگی ئۆکرانیا لە گەنمدا خۆبژێوی بووە، لە ساڵی ٢٠١٩دا ٤.٧ ملیۆن تۆن، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٦.٢ ملیۆن تۆن و لە ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی ٤.٢ ملیۆن تۆن بەرهەم هێنراوە.

 

بەڵام هۆکارەکانی وەک کەمی ئاو و بیابانبوون بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی گەنم، کە وەرزی ڕابردوو گەیشتە نزیکەی سێ ملیۆن تۆن، ئەمەش وایکرد حکومەتی عێراق گەنم هاوردە بکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەمییە.

 

کەمی بارانبارین لە وەرزی زستاندا، بەرچاوترین کۆسپی بەرهەمهێنانی بەروبومی کشتوکاڵی لە عێراق پێکدەهێنێت، لەوانە گەنم و برنج و جۆ.