زیاتر لە ٣٥٠ هەزار منداڵی وڵاتانی گەشەسەندوو لە چارەسەری شێرپەنجە بێبەشن

سەدان هەزار منداڵ لە وڵاتانی کەمدەرامەت، لە وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجە بێبەشن، بۆیە ڕێژەی زیادبوونی مردنی منداڵان مەترسیدارە.

ناوەندی هەواڵ


بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا لە جنێڤ ڕایگەیاند، تەنها چواریەکی وڵاتانی گەشەسەندوو دەرمانی شێرپەنجەی منداڵان لە ڕێگەی یارمەتییە گشتیەکانەوە بۆ هاوڵاتیان دابیندەکەن، لە ئەنجامدا مانەوەی منداڵان لە ژیان بە ڕێژەی ٪٣٠ لەو وڵاتانە کەمترە، بە بەراورد لەگەڵ ٪ ٩٠ منداڵانی وڵاتانی پێشکەوتوو.


لە پێناو یارمەتیدانی توشبووانی شێرپەنجە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە پاڵپشتی نەخۆشخانەی توێژینەوەی منداڵانی سانت جود کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، دامەزراوەیەکی چارەسەرکردن و توێژینەوەی منداڵانی قازانج نەویستە، گرنگی بە شێرپەنجەی خوێن و جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە دەدات، دەستپێشخەریی جیهانی بۆ شێرپەنجەی منداڵان لە ساڵی ٢٠١٨ دەستپێکرد.


دەستپێشخەرییەکە ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ لانیکەم ڕێژەی لە ژیان مانەوە بە ڕێژەی ٪٦٠ لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەنددا هەبێت، گرنگی بە چارەسەرکردنی شەش جۆری شێرپەنجە دەدات کە بە زۆری لەسەر منداڵان دەبینرێن.


ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان و سانت جود دەستیان بە بەرنامەیەکی جیهانی کرد بۆ باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانی شێرپەنجەی منداڵان، بە دڵنیایی کوالیتی و دەرمانی پێویستی شێرپەنجە بۆ منداڵانی دەرەوەی وڵاتە پێشکەوتووە داهات بەرزەکان.


لەلایەکی دیکەوە پلەکانی گەرما لە سەرانسەری نیوەگۆی باکووردا بەرزە و مەترسی لەسەر تەندروستی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ دروستکردووە، لەکاتێکدا ئامارەکان دەریانخستووە لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٦١ هەزار کەس بەهۆی هۆکارەکانی پەیوەست بە گەرما لە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.


بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، فشاری گەرمی بۆسەر جستەی مرۆڤ دەبێتە هۆی ماندوێتی یان جەڵتە بەهۆی گەرما، هەروەها حاڵەتەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، هەناسەدان و گورچیلە، هەروەها کێشەکانی تەندروستی دەروونی سەختتر دەکات.


تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس، ئاماژەی بەوەشکردووە، " کاریگەرییەکانی کەشوهەوای لەسەر تەندروستی ئەو کەسانەی کە ئاوارەن یان لە شوێنە زیانلێکەوتووەکانی ناوەندی شەڕ و ململانێکان دەژین مایەی نیگەرانییە، چونک دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک و ئامێرە فێنککەرەوەکان بۆ هاوڵاتیان قورسە، خزمەتگوزاری پزیشکی وەک پێویست نیە."