١٤٨ ملیۆن منداڵ بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن

زیاتر ٪٤٢ی دانیشتوانی جیهان  لە ساڵی ٢٠٢١ توانای کڕینی خۆراکیان نەبووە، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ نزیکە ١٣٤ ملیۆن کەس زیادیکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئاسایشی خۆراکی جیهانی ڕایگەیاندووە، ساڵی ڕابردوو ٢.٤ ملیار کەس توانای دابینکردنی خۆراکیان نەبووە، بەجۆرێک ٧٨٣ ملیۆن کەس ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، ١٤٨ ملیۆن منداڵیش بەهۆی برسێتییەوە دەناڵێنن.

 

دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی دۆخی ئاسایشی خۆراکی ساڵی ٢٠٢٣دا ڕایانگەیاندووە، لە کاتێکدا ڕێژەی برسێتی جیهانی لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢ وەستاوە، ڕۆژئاوای ئاسیا و کاریبی و ئەفریقا ڕووبەڕووی قەیرانی خۆراکی توند بوونەتەوە، ٪٢٠ دانیشتوانی کیشوەرەکە تووشی برسێتی بوون.

 

کو دۆنگیۆ، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، " شەڕی ئۆکرانیا کاریگەری لەسەر قەیرانی خۆراک هەبووە، گۆڕانی کەشوهەوا، ململانێ و ناسەقامگیری ئابووری بە هۆکارەکانی دیکەی زیادبوونی برسێتی دادەنرێت."

 

ماکسیمۆ تۆرێرۆ، بەرپرسی ئابووریی ڕێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهان- فاو ڕایگەیاندووە، " هەرچەندە هەڵاوسانی خۆراک بەردەوامی هەیە، نزیکەی ١٥ مانگە نرخی خۆراکی ڕێکخراوی فاو لە دابەزیندایە، ئۆکرانیا توانیویەتی ٣٢  تۆن دانەوێڵە بۆ بازاڕەکانی جیهان بنێرێت و هەوڵدەدات ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی دانەوێڵە و پێوانەی ڕووسیا تێپەڕێنێت."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە ٣.١ ملیار کەس واتە ٪٤٢ی دانیشتوانی جیهان  لە ساڵی ٢٠٢١ توانای کڕینی خۆراکی تەندروستیان نەبووە، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە ١٣٤ ملیۆن کەس زیادیکردووە.

 

لەساڵی ٢٠٢٢ لەنێوان ٦٩١ بۆ ٧٨٣ ملیۆن کەس بەشێوەیەکی درێژخایەن کەمخۆراکیان هەبووە، کە ١٢٢ ملیۆن کەس زیاترە لەساڵی ٢٠١٩ پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩.

 

پێشبینی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی ٢٠٣٠ ئاماژە بەوە دەکەن کە ٦٠٠ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٣٠ بەدەست کەمخۆراکی درێژخایەن دەناڵێنن.