مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئازادکردنی دوو چالاکوانی سعودیەی کرد

شارەزایانی بواری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری ئازادکردنی دەستبەجێی دوو زیندانی سیاسی سعودیەیە بە ناوەکانی "سەلما شەهاب و نورە قەحتانی".

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی هەینی، شارەزایانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوای ئازادکردنی "سەلما شەهاب و نورە کچی سەعید قەحتانی" دوو چالاکوانی مافی مرۆڤ و زیندانی سیاسیی زیندانیکراوی سعودیەیان کرد، کە دوای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی شا و شازادەی جێنشینی سعودیە دەستگیرکران، هەریەکێک لەو دوو چالاکە لە کاتی دادگایەکی نادادپەروەرانە و داخراودا سزای ٣٤ و ٤٥ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا.

 

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "سەلما شەهاب و نورە کچی سەعید قەحتانی لە ساڵی ٢٠٢١ دەستگیر کراون و هەریەکەیان بە ٣٤ ساڵ و ٤٥ ساڵ زیندانی لە دۆسیەی جیاجیادا سزادراون"، لەلایەن دادگایەکی تایبەتەوە کە بۆ دادگاییکردنی گومانلێکراوەکانی تیرۆر لە سەرەتادا دامەزراوە و لە ساڵانی ڕابردوودا ئەرکی خۆی فراوانتر کردووە.

 

لیژنەیەک لە پسپۆڕانی سەربەخۆ کە لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەرکیان پێسپێردراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری پێشێلکاری و دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانەی چالاکوانان و نەیارانی شانشینی سعودیە.

 

لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە، سزادانی ئەو دوو ژنە چالاکوانە ناتوانرێت بە دادگاییەکی سەربەخۆ و بێلایەن هەژماربکرێت، حکومەت بڕگە ناڕوون و زۆر فراوانەکانی یاساکانی دژە تیرۆری لەسەر ئەوان جێبەجێ کردووە.

 

لە بەیاننامەی ئەم گروپە کارەدا هاتووە کە تۆمەتی "باوەڕپێکراو" هەیە کە سەلما شەهاب لە کاتی دەستبەسەریدا مامەڵەی دڕندانە، نامرۆڤانەی بەرامبەر ئەنجامدراوە، به پێی ئەم ڕاگەیەندراوە ئەم چالاکوانی مافی مرۆڤە چەندین ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە.

 

سەلما شەهاب، دایکی دوو منداڵە و توێژەر لە زانکۆی لیدز لە بەریتانیا، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١ لە کاتی پشووی خێزانەکەی لە سعودیە دەستگیرکرا.

 

دادگای تاوانە تایبەتمەندەکان بە تۆمەتی "دابینکردنی سەکۆیەکی فراوانتر بۆ پەیامی تیرۆریستی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نیشتمانی و گشتی" سزای ٣٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند و بۆ ماوەی ٣٤ ساڵ جێهێشتنی سعودیەی لێ قەدەغەکرد.

 

نورە کچی سەعید قەحتانی، دایکی پێنج منداڵە، لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢١ بە تۆمەتی داوای ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و ڕەخنەگرتن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەژمارەکانی سۆشیال میدیا، دەستگیرکرا.

 

بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا، سزای ٤٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە بە تۆمەتی "ئامادەکردن و گواستنەوە و هەڵگرتنی زانیاری لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە، بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئاسایشی گشتی".