لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە نیشتەجێن
لە ساڵیادی کۆچ و پەنابەریی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆی گشتی ٩٢٨ هەزار و ٦٤٩ ئاوارە لە کەمپەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٢٠ حوزەیران ساڵیادی کۆچ و پەنابەرییە، ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ژمارەی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێم نزیک دەبێتەوە لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر و لە شارەکانی هەریمی کوردستان نیشتەجێن.
ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆی گشتی ٩٢٨ هەزار و ٦٤٩ ئاوارە و پەنابەری عەرەب و سووری و نەتەوەکانی تر کە لە کەمپەکان نیشتەجێن لە شارەکانی هەرێمی کوردستان.
ژمارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ٢٦ کەمپی سەرەکییە کە ئاوارەکان تیایدا نیشتەجێن، کە لە دهۆک ١٦ کەمپ، هەولێر ٦ کەمپ و لە سلێمانی ٤ کەمپ هەیە، کە دانیشتوانی ئەو کەمپانەش لەلایەن دەزگا جیاوازەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی هاوکاری وەردەگرن.
ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا پشتڕاستی کردەوە کە کۆی گشتی ئاوارەکان لە هەرێم ٩٢٨ هەزار و ٦٤٩ ئاوارە و پەنابەرن.
زۆربەی ئاوارەکانی عێراق و سووریا بەهۆی هێرشی داعش بۆ سەرناوچەکانیان ناچاربوون زێدی خۆیان بەجێبهێڵن و ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
ئاوارەکانیش لە چەندین نەتەوەی جیاواز پێکهاتوون کە ئامارەکان بەم شێوەیە نیشانی دەدات، زیاتر لە ٦٦٤ هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراقی، هەروەها ٢٦٤ هەزار و ٤٢٥ پەنابەری سوری، تورکی، ئێرانی و فەڵەستینی تێدایە، بە ٢٤٦ هەزار ئاوارەی سووری، حەوت هەزار و ٨٦٠ تورک، هەشت هەزار و ٢٤١ ئێرانی و ٦١٥ فەڵەستینی لە کەمپەکان دەژین ، هەروەها ٨٩٩ پەنابەری لە نەتەوە جیاوازەکانی دیکەی تێدایە .
لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە بەبەراورد بە ساڵی ٢٠١٥ کەمیکردووە، هەرێمی کوردستان بە نزیکەیی چوار ملیۆن ئاوارە و پەنابەری تۆمارکردووە، لەم ساڵانەی کۆتایی عەرەبی سوننەی عێراقی، مەسیحی و ئێزیدییەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان گەڕاونەتەوە کە لەژێر دەستی داعش رزگارکراوە.
ئاوارەکان کە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن تا ئێستا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بەردەوامە و بەهۆی داڵدەدانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان حکومەتی فیدراڵی مانگانە هاوکاریی دارایی و پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیانی بۆ هاوکاری هەرێمی کوردستان دەنارد لە پێناو بەردەوامی و مانەوەی ئاوارەکان لە کامپەکان.