قوتابخانەکانی شارە جیاوازەکان ئامانجی کیمیابارانن

لە درێژەی کیمیابارانکردنی قوتابخانەکان، ئەمڕۆ چەند قوتابخانەیەکی دیکە کرانە ئامانج و باس لەوە کرا کە لە ئەنجامی کیمیابارانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا خوێندکارێکی شاری سنە گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی هێرشە بایۆلۆژییەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر قوتابخانەکان، ئەمڕۆ چەند قوتابخانەیەکی دیکە لە شارە جیاجیاکان کرانە ئامانج.

 

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی ئەمڕۆ بڵاوکراونەتەوە، قوتابخانەی پارسە لە شاری ئەسفەهان، قوتابخانەی کچانی بەهاران لە ئەردەبیل، قوتابخانەی نبوت، عفت، عصمت، نەصر و دانا و ئامادەیی زەهرا لە دەولەت ئاباد کرماشان، قوتابخانەی سایپە لە ئیسلامشار، قوتابخانەی ڕزوان لە کەرەج، ئامادەیی هدف بۆ کچان لە ئورومیە، بوونە ئامانجی کیمیابارانی ڕێکخراو و ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران بە باری ناجێگیرەوە بۆ نەخۆشخانە گوازرانەوە.

 

هەروەها هەندێک سەرچاوە گیانلەدەستدانی خوێندکارێکیان بە ناسنامەی میهنا ڕەحیمی میهر ڕاگەیاندووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی کیمیابارانەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.