ڕانیە، گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدرا

لە شاری ڕانیە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین و شەرمەزارکردنی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شاری سلێمانی لە ڕۆژی ٧ی نیسان، گردبوونەوەیەکی جەماوەری ئەنجامدرا.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین-  پاشنیوەڕۆ ئەمڕۆ لە شاری ڕانیە لە دەڤەری ڕاپەڕین بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین و شەرمەزارکردنی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە ڕۆژی ٧ی نیساندا، گردبوونەوەیەکی جەماوەری ئەنجامدرا و تێیدا ئیدانەی هێرشەکەیان کرد.

 

لە گردبوونەوەکەدا بەیاننامەی بەشداربووانی گردبوونەوەکە لەلایەن مامۆستا ستار ڕەسوڵ خوێندرایەوە و ئیدانەی هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرا و وەک تیرۆری نێودەوڵەتی هەژمار کرا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا کە بە بایەخەوە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکەن.


         


        

 

شادی سەمەد، ئەندامی تەڤگەری ئازادی باسی لە چالاکییەکەیان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد و وتی: " ئەمڕۆ وەک هاوڵاتیان و چالاکوانان لە شارۆچکەی ڕانیە گردبوونەوەیەکمان ئەنجامدا دژ بەو هێرشە وەحشیگەریانەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەنجامیداوە و هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ئێمە نابێت ئەو هێرشە بە ئاسایی وەربگرین، چونکە کارەساتێکی گەورەیە، داوا لە هەموو هاوڵاتیانی کوردستان دەکەم لە باشووری کوردستان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان وە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش، ئیدانەی ئەم هێرشە تیرۆرستیانەی دەوڵەتی تورکیا بکەن."

 

شادی سەمەد وتیشی: "دیارە ئەم هێرشەی تورکیا بۆ ناوەندێکی ئاوا گرنگ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کارێکی هەروا ئاسان نیە و دەستدرێژی کردووەتە سەر شوێنێکی گشتی و وەک ئەوە وایە کە هێرشی کردبێتە سەر نەخۆشخانەیەک، یاخود مزگەوتێک یاخود قوتابخانەیەک، بەڵام ئێمە پێویستە بێدەنگ نەبین لە بەرامبەر ئەو کردارە تیرۆرستانەیە و دیارە ئەم هێرشە تەنها هێرش نەبووە بۆ سەر مەزڵوم کۆبانێ و هێرشە بۆ سەر هەموو گەلی کورد، بەڵام ئەوەی گرنگە ئێمە بە یەک دەنگ سەرجەم کەسایەتی و لایەنەکان لە کوردستان دەنگی ناڕەزایەتیەکان دەربڕین بەرامبەر ئەم کارە، چونکە بێدەنگبوونی ئێمە لە کوردستان وادەکات دەستدرێژی زیاتر بکاتە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان، پێویستە ئێمە وەک هاوڵاتیانی کورد بە تایبەتی ژنان بڕژێینە سەر شەقامەکان لە دژی ئەم کارە وەحشیگەریەی دەوڵەتی تورکیا بوەستینەوە."

 

لە کۆتایشدا باسی لەوەکرد کە دەوڵەتی تورکیا لە ئەنجامدانی هێرشەکانی بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بەتەنها نیە و هاوکاری دەکرێت، "جیاواز لە چالاکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان پێویستە فشار بخەینە سەر هەموو لایەنەکان و دەستی خیانەت لەناو گەلی کوردا ببڕینەوە، چونکە ئەو هێرشە بە تەنها دەستی دەوڵەتی تورکیا نەبووە کە لە ئاسمانەوە هێرشی کردووەتە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان، لەسەر زەمینیشەوە خیانەت کارێک هەبووە کە هاوکاری دەوڵەتی داگیرکاری تورکیای کردووە، بۆ ئەوەی کە ئەو هێرشە ئەنجام بدات، ئەمە کۆتا جاریش نابێت کە دەوڵەتی داگیرکاری تورک ئەو هێرشە ئەنجام دەدات، بەڵام کە ئێمە بە هەموو هێزی خۆمانەوە ڕژاینەوە سەر شەقام و ناڕەزایمان دەربڕی لە هەر شوێنێکی کوردستان لە هەر شوێنێکی دونیا بێت، ئەوکات دەوڵەتی داگیرکاری تورک ناتوانێت بەو شێوازە وا بە ئاسانی هێرش بکاتە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان، دیارە ئەردۆغانیش لەم کاتەیا کە لە مانگی پێنج دا هەڵبژاردن لەباکووری کوردستان ئەنجام دەدرێت پێویستی بەوەیە خوێنی چەندین هاوڵاتیەکی تر لە کوردستان بڕێژێت، بۆ ئەوەی دەنگی فاشیستەکان لەناو تورکیا کۆبکاتەوە، بەڵام دووبارە داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەین کە ئەو پڕیشکی ئاگرە هەمومان دەگرێتەوە، ئەگەر ئێمە بێدەنگ بین بە تایبەتی ئەو هێرشە کاردانەوەی زۆر خراپی ئەبێت لە سەر تاکی کورد وە بە تایبەتیش لە سەر ژنان و منداڵان، بۆیە پێویستە هەمووان هەڵوێستی کاریگەرییان هەبێت.