هەڕەشەکردن لە کەسوکاری قوتابیان و قەدەغەکردنی میدیا ناوخۆییەکان بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵی ژەهراویکردنی قوتابخانەکان

بە پشت بەستن بەو وێنانەی کە لە ڕۆژنامەنووسانی چالاک لە میدیا ناوخۆییەکان پێمان گەیشتووە، لەکاتی ناردنی نامەیەک بۆ سەرجەم دەزگاکانی هەواڵ بەڵێنیان لێ وەرگیراوە کە ڕووماڵی ژەهراوی بوونی قوتابخانەکان نەکەن.

مەهاباد

 

هێرشە کیمیایی و تیرۆریستییەکان بۆ سەر قوتابخانەکانی ئێران لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە زۆرێک لە هەواڵ و وردەکارییەکان ئاشکرا نەکراون و حکومەت هەوڵدەدات بە هەڕەشەکردن لە سەرجەم قوتابیان و مامۆستایان و دایک و باوکان و تەنانەت پزیشک و پەرستارەکانیش ڕێگری لە ئاشکراکردنی وردەکارییەکان بکات.

 

لەگەڵ چڕبوونەوەی ئەم هێرشانە، حکومەت هەڕەشە لە میدیا ناوخۆیی و گشتییەکان دەکات بۆ ئەوەی خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەو هێرشانە بەدوور بگرن، بە پشتبەستن بەو وێنانەی دەستمان کەوتووە، نامە بۆ سەرجەم میدیاکان نێردراوە، کە تیایدا ئەو میدیایانە قەدەغەکراون ڕووماڵی ڕووداوەکانی قوتابخانە بکەن.

 

لە بەشێکی نامەکەدا باس لەوە کراوە: بڵاوکردنەوەی هەواڵی وەک تۆمەتی ژەهراویکردن لە قوتابخانەکان و ناوەڕۆکی هاوشێوەی پەیوەست بەم بابەتە، کە دەتوانێت شەپۆلی نائارامکەری نوێ لە کۆمەڵگەدا دروست بکات، بەتایبەتی بە وەرگێڕان لە سەرچاوەی باوەڕپێنەکراو کە زیانێکی گەورە بە وڵات دەگەیەنێت لەسەر ئاستی نیشتمانی قەدەغەیە.

 

هەر بۆیە لە نامەکەدا جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە کە پێویستە میدیاکان بە توندی خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی هاوشێوە و بێ بەڵگە بپارێزن، سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان لەم بوارەدا بریتین لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی ناوخۆ، هاوکات ئەو سەرچاوانەی ئاماژەیان پێکراوە، ڕەتیدەکەنەوە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ژەهراویبوون لە قوتابخانەکاندا بخەنەڕوو.

 

" ڕۆژنامەنووسان دەبێت هەموو جارێک نامەی پابەندبوون واژۆ بکەن"

 ک.م کە پەیامنێری یەکێک لە ئاژانسە ناوخۆییەکانە وتی: " لە سەرەتای ئەمساڵدا سەرجەم ئەو دەزگا هەواڵییە ناوخۆییانەی کە بە مۆڵەتی حکومەت کاردەکەن، نامەیەک و بەڵێننامەیەکیان پێگەیشتووە کە خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وردەکارییەکانی پەیوەست بە هێرشی قوتابخانەکان بەدوور دەگرن بۆ ئەوەی ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگە تێک نەدەن."

 

بەردەوامبوو لە قسەکانی و وتی: " ئێمە وەک میدیایەکی ناوخۆیی هەوڵمان داوە خەڵک لە ڕاستییەکان ئاگادار بکەینەوە، هەروەها بەهۆی ئەو سنووردارکردن و مەترسیانەی کە بۆ میدیاکان هەیە، تەنیا جەختمان لەسەر هەواڵی ناوخۆیی و ناسیاسی کردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین ئەو هەواڵانە پشتگوێ بخەین کە خەڵک شایەتحاڵی ڕوودانین، هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت زۆر بە کورتی هەواڵی کیمیابارانی قوتابخانەکان بخەینەڕوو، بەڵام لە دۆخێکدا کە کۆمەڵگە و نیشتمان لە شۆڕش یان ڕاپەڕیندایە، میدیای ناوخۆ سەرەڕای هەڕەشە و مەترسییەکان، ناتوانێت وەک میدیایەکی ڕاستەقینە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، وە بەهۆی ئەمەوە زۆرێک لە میدیاکانی ناوەوە و بەتایبەتی لە کوردستان ناچارن بێدەنگ بن و ڕۆژنامەنووسان لە هەموو بارودۆخە سەخت و هەستیارەکاندا هەراسان دەکرێن و ناچارن هەموو جارێک نامەیەکی پابەندبوون واژۆ بکەن."

 

"ئەگەر ببێتە هەواڵ دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئێوەدا بکەین"

مەعسومە حەبیبی " ناوی خوازراو"، پووری یەکێکە لەو خوێندکارانە کە لە پیرانشار کیمیاباران کراوە، ئەویش سەبارەت بەو مەترسییەی لەسەر بنەماڵەکەی هەیە، دەڵێت: " ئەو ڕۆژەی قوتابخانەکەیان کیمیاباران کرد، برازاکەم بە دۆخێکی سەختەوە هێنرایە نەخۆشخانە، ژینگەی نەخۆشخانەکە بەتەواوی کۆنترۆڵکرابوو و پڕ بوو لە هێزی ئەمنی بە جلوبەرگی مەدەنییەوە کە نەیدەهێشت خەڵک بە هیچ شێوەیەک وێنە بگرن، بارودۆخی برازاکەم بەهیچ شێوەیەک باش نەبوو و دوای بەستنی ئۆکسجین بۆی هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخیدا نەبوو و تەنها سەری دەلەرزاند وەک ئەوەی بخنکێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دەستەکانی داوای یارمەتی دەکرد ئەوانیش بردیانە بەشی چاودێری چڕ، هەر کە زانییان دۆخی باش نییە چەند کەسێک هاتن و قسەیان لەگەڵ باوکی کرد و بە تۆنێکی هێمن پێیان وت کە تۆ مافی ئەوەت نییە لەگەڵ کەس باسی کچەکەت بکەیت چونکە میدیای بیانی و دژە حکومەت دەمانەوێت سوود لەم دۆخە وەربگرن و ئێمەش ئەوەمان نامانەوێت تۆ بەشێکبیت لەوە و بە پێچەوانەوە دەبێت مامەڵەت لەگەڵ دەکەین".

 

" هێندە هۆشداریمان پێگەیشتووە کە هەواڵ بڵاو نەکەینەوە، هۆشداری تەندروستیمان پێنەگەیشتووە "

سیمین عەبدللاهی " ناوی خوازراو"، بەڕێوەبەری یەکێکە لە قوتابخانەکانی ئورومیە و دەڵێت: " لەگەڵ دەستپێکردنی کیمیاباران، سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە نوسراوێکیان پێگەیشت بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و وردەکارییەکانی باری جەستەیی قوتابیان و دزەپێکردنی ناو و وردەکارییەکانیان بۆ دەرەوەی قوتابخانەکە."

 

هەروەها وتی: " تاکە ئامۆژگاری سەلامەتی کە پێیان ڕاگەیاندین ئەوە بوو کە پێویستە دەمامک بۆ قوتابیان دابین بکرێت بۆ بارودۆخی نائاسایی و هەروەها قوتابخانەکان دابخرێن و هەموو کامێرای سی سی تی ڤی چالاک بن بۆ ئەوەی ئەگەر هێرشی کیمیایی ڕوویدا زەنگی قوتابخانە لێبدرێت، کەشی قوتابخانە ئارام بکەرەوە و ئەگەر پێویست بوو پەیوەندی بە ژووری فریاکەوتنەوە بکە، بەڵام لەگەڵ دانانی هەموو ڕێوشوێنە سەلامەتییەکان."

 

هەروەها ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەدا کە جەختی بەڕێوەبەرانی پەروەردە زیاتر لەسەر دزەپێنەکردنی هەواڵەکانە نەک تەندروستی قوتابیان و مامۆستایان و دەڵێت: " هێندە هۆشداریمان پێگەیشتووە کە هەواڵ بڵاونەکەینەوە ئەوەندە هۆشداری تەندروستیمان پێنەگەیشتووە."

 

خوێندکاران و مامۆستایان وەک پەیامنێرێکی هاوڵاتی ڕۆڵی سەرەکییان بینیووە لە ئاگادارکردنەوەی سەرەتایی ئەو هێرشانەدا چونکە تەنانەت دایکان و باوکانیش ڕێگەیان پێنەدراوە بچنە ناو قوتابخانەوە و لە زۆرێک لە قوتابخانەکان تەنانەت پۆلەکانیش بەڕووی خوێندکاراندا داخراون، ئەمەش بۆ تەمەنی قوتابییان مەترسیدارە."