"ئەنجامدەرانی ژەهراویکردنەکان پاڵپشتی و پشتیوانی دەسەڵاتیان وەرگرتووە"

سەندیکای مامۆستایانی سنە "سەقز و زیویە" سەبارەت بە زیادبوونی کیمیابارانی قوتابخانەکانی سەقز و شارەکانی دیکە، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە خوێندکاران ئەنجام دراون، ئیدانە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوابەدوای زیادبوونی هێرشە کیمیای و ژەهراویکردنەکان بۆ سەر قوتابخانەکانی سەقز و سووکایەتیکردن بە بنەماڵەی ناڕازیی خوێندکارانی ژەهراوی کراو، یەکێتی مامۆستایانی سنە "سەقز و زیویە" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە،

ئەم کۆمەڵەیە هۆشداری دەدات لەوەی شێوازی ئێستای سڕینەوەی ڕووخساری کێشەکە درێژەدانە بە ڕێگای هەڵەی چەندین ساڵە لە شاردنەوەی ڕاستییەکان و فریودانی بیروڕای گشتی.

 

دەقی تەواوی بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

بەردەوامی و فراوانبوونی ژەهراویکردنەکان هەروەها نەبوونی کۆنتڕۆڵ و خۆسەپاندنی دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵات لە کاتی ژەهراویکردنی زنجیرەی خوێندکاران ئەوە نیشان دەدات کە هێرشە تاوانکارییەکانی کوشتنی منداڵان و ژەهراویکردنی قوتابیان لە قوتابخانەکانی کچان بە تەواوی سیستماتیک و ڕێکخراوە و بە مەبەست  ئەنجامدەدرێت هەر بۆیەش بەردەوامی هەیە، تاوانباران پشتگیرییەکی وایان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەرگرتووە، کە دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ هێشتا بێ ترسن سەرقاڵن لە ئەنجامدانی کارە خراپەکانیان، وەک ئەوەی ئەم ژەهراویکردنە زنجیرەییانە کۆتاییان نەبێت.

 

هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر خوێندنگاکان بەردەوامە لەگەڵ:

١- لێدوانی ناعەقڵانی بەرپرسانی ناکارامە، ٢- کاردانەوە گاڵتەجاڕییەکانی حکومەت بەرامبەر بە ژیانی قوتابیان و ئاسایشی دەروونی و جەستەیییان، ٣- چۆنیەتی ڕاپۆرتکردنی هەواڵ لە میدیاکانی حکومەت کە لە بەرژەوەندی خوێندکاراندا نیە، ٤- ڕووبەڕووبوونەوەی ئارەزوومەندانە و نایاسایی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا و ئاسایش لەگەڵ دایک و باوکی قوتابیان و مامۆستایان و خەڵکانی ناڕازی دەربارەی ئەم ژەهراویکردنانە، ٥- کەمتەرخەمی کردنی بە مەبەست لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدان بۆ دەستنیشانکردن و سزادان و ناسینەوەی تاوانبارانی ئەم تاوانە بەرفراوان و سیستماتیکانە و چەندین دۆسیەی تر.

 

ئەم هۆکارانەش زۆر پرسیار و ناڕوونی لە ڕای گشتیدا دروست کردووە کە پێویستە ئەو حکومەت ڕوونکردنەوە و وەڵامدانەوەی هەبێت لە پێناو ڕۆشنکردنەوەی ڕای گشتی، ئەگینا توڕەیی و بێزاری گشتی لە جاران بەربڵاوتر دەبێت.

 

کۆمەڵەی مامۆستایانی سنە "سەقز و زیوییە" وێڕای شەرمەزارکردنی توندی ئەم تاوانە زنجیرەیی و بەرفراوانانە، کە لێکەوتە بایۆلۆژی و دەرئەنجامە وێرانکەرەکانیان بێ گومان لە داهاتوودا دەردەکەون، بێباکی بانگەشەکاران و دامودەزگا بەرپرسەکان بەرامبەر بە ژیانی هاووڵاتیان و قوتابیان وەبیر دەهێننەوە.

 

ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ دایک و باوکی خوێندکاران و خۆپیشاندەرانی ئەو تاوانانە نەک هەر یارمەتیدەر نییە بۆ پاراستنی سەلامەتی قوتابخانە و قوتابیان، بەڵکو سەکۆیەک بۆ ڕەخساندنی ئاسایشی زیاتر بۆ ئەنجامدەرانی ژەهراویکردنی زنجیرەیی خوێندکاران دروست دەکات.

 

بۆیە ئەم کۆمەڵەیە هۆشداری ئەوە دەدات لەوەی کە شێوازی ئێستای سڕینەوەی ڕووخساری کێشەکە درێژەدانە بە ڕێگای هەڵەی چەندین ساڵەی ڕژێم لە شاردنەوەی ڕاستییەکان و فریودانی بیروڕای گشتی.