کارەساتەکان بۆ میللەتی کورد بەردەوام دووبارە دەبێتەوە
گروپێکی ١٦ کەسی لە چەندین وڵاتی ئەوروپی لەسەر بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیان کرد و خەمناکی خۆیان ڕاگەیاند لەو ڕووداو و کارەساتانەی بەردەوام بە چەندین شێواز ڕووبەڕووی گەلی کورد دەبێتەوە.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە لەگەڵ تیمێکی ١٦ کەسی کە لە چەندین وڵاتی ئەوروپییەوە هاتبوون سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و لە سەردانەکەیدا مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەیان بەسەرکردەوە.
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە تایبەت بە نوژنها وتی: " یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی پرەپێدانی گەشتوگوزار بابەتی ناساندن و بە بازاڕکردنە، ئەم کەسانەش کە سەردانیان کردووین لە چەند وڵاتێکی وەک: ئەڵمانیا، ئیسپانیا و ئیتاڵیاوە هاتوون، سەرجەمیان لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی کۆمپانیا بە ئەزموونەکانەوە هاتون و زۆر گرنگە کە سروشتی جوانی هەڵەبجە پیشان بدەین لە ڕووی کلتووری کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی کە لە شارەکەدا بوونی هەیە.
چیا قاسم ئاماژەی بەوەشدا کە هاتنی گەشتیاری بیانی لە کلتوور و نەتەوە جیاوازەکانەوە بۆ هەڵەبجە گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ ئاڵوگۆری زمانەوانی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و کلتووری، لە ڕووی داراییشەوە بۆ هەڵەبجە بە پاڵپشتییەکی باش دادەنرێت.
سوزانا، وەک نوێنەری گەشتیاران بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی: " ئێمە کۆمەڵێک گەشتیاری ئەوروپین و لە وڵاتەکانی ئەوروپاوە سەردانی شوێنە جیاوازەکان دەکەین و لە سەردانی ئەمجارەماندا شانسی ئەوەمان کە هەبوو کە گەشتێک بۆ ئێرە ئەنجامبدەین، کە وەرزی بەهارە و سروشتێکی جوان و سەرنجڕاکێشی هەیە و هەرێمێکی دڵگیرە، ئەمڕۆش دەرفەتی ئەوەمان هەبوو کە سەردانی هەڵەبجە بکەین و مۆنۆمێنتی شەهیدان ببینین و ئەو ڕووداوانەی کە لێرە لە ساڵی ١٩٨٨ ڕوویداوە لە نزیکەوە ببینین، پێشتر لە وێنە و ڕاگەیاندندا ڕووداوەکانمان بینیبوو بەڵام هاتنمان بۆ ئێرە و بینینی ڕاستەوخۆ جیاوازییەکی زۆری هەیە کە بزانین ئەو کارەساتانە بە چ شێوازێک بووە و چەندێک خێزان و منداڵ تیایدا گیانیان لەدەستداوە و بینینی ئەمانە بەڕاستی خەمناکە."
سوزانا لە کۆتای قسەکانیدا هیوای ئاشتی و ئارامی بۆ کوردستان خواست و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوەی بەتایبەتی ئەو دڵتەنگ دەکات ئەوەیە کە ڕووداو و کارەساتەکان بەردەوام بە چەندین شێوازی جیاواز دووبارە دەبنەوە بۆ میللەتی کورد و خەڵکیش وەک پێویست لە کارەساتەکانەوە فێرنابن.
ژمارەی ئەندامانی ئەم گروپە ١٦ کەسن و لە گەشتکردنیان بەردەوام دەبن، سەردانیان بۆ هەڵەبجە لەسەر بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بوو بەمەبەستی ئاڵوگۆرکردنی بیروبۆچوونی جیاواز پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزاری لەشارەکەدا.