تاڵیبان ناڕەزایەتی ژنان بەهۆی قەدەغەکردنی خوێندن تێکدەدات

ڕۆژی یەکشەممە زیاتر لە ٢٥ چالاکوانانی ژن لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوایان کرد دەسەڵاتدارانی تاڵیبان قوتابخانە و زانکۆکان بۆ خوێندکارانی کچ لە سەرتاسەری وڵاتدا بکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی یەکشەممە کۆمەڵەیەک لە چالاکوانانی ژن لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوایان کرد دەسەڵاتدارانی تاڵیبان قوتابخانە و زانکۆکان بۆ خوێندکارانی کچ لە سەرتاسەری وڵاتدا بکەنەوە.

 

خۆپیشاندەران کە ژمارەیان بە نزیکەی ٢٥ ژن دەبوو بەناو گەڕەکی پۆلی سۆختەی ڕۆژئاوای شارەکەدا ڕێپێوانیان کرد و دروشمی "ئازادی، کار، پەروەردە"، "دایکی ژیر نەتەوەی بەهێز" و "پەروەردە مافی ئێمەیە"یان دەوتەوە، پاشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تاڵیبانەوە بڵاوەیان پێکرا.

 

لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا قوتابخانەی ناوەندی بۆ کوڕان لە سەرتاسەری وڵاتدا دوای پشووی زستانە کرایەوە، بەڵام تاڵیبان ڕێگەی نەدا کچان بگەڕێنەوە بۆ پۆلەکانی خوێندن سەرەڕای ئیدانەکردنی قەدەغەکردنی خوێندن و داوای هەڵگرتنی قەدەغەکردنی خوێندن لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ تاڵیبان.

 

تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە قوتابخانەی ناوەندی بۆ کچان داخست، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردووشدا ڕێگرییان لە خوێندکارە کچەکان کرد لە زانکۆکان، ئەمەش وایکرد ئەفغانستان تاکە وڵات بێت کە ژنان ناتوانن خوێندنی تێدا وەربگرن.

 

هەروەها ژنانی کارمەندی لە ڕێکخراوە ناحکومییەکانیان لە شوێنی کار قەدەغە کرد، دوای ئەوەی زۆربەی ژنانی فەرمانبەرانی حکومەتیان لە گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان سنووردار کرد.

 

لە کاتێکدا دوورخستنەوەی ژنان لە فێربوون لێکەوتەی دوور مەودای دەبێت بۆ وڵاتەکە و زیان لە کەرتی ئابووری و سیستەمی تەندروستی دەدات، ئەم بڕیارە نا دادپەروەرانەیە هیوا و خەونی زیاتر لە یەک ملیۆن کچی لە ناوبردووە و بووەتە بەشێکی دیکە لە نایەکسانی مافەکانی ژنان لە سەرانسەری وڵات.

 

  کچان لە سەرانسەری ئەفغانستان زیاتر لە سێ ساڵە مافی فێربوونیان لێ زەوت کراوە، سەرەتا بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دواتر بەهۆی قەدەغەکردنی خوێندنی ناوەندی.