ژنان لە کەرتی تەندروستی کەمترین پۆستی باڵایان پێدەدرێت

لە کەرتی تەندروستی ژنان ڕووبەڕووی جیاکاری دەبنەوە، ٪٧٠ی هێزی کاری چاودێری تەندروستی لە سەرانسەری جیهان لە ژنان پێکهاتووە، تەنها ٪٢٥ی ڕۆڵی سەرکردایەتی باڵایان لە بواری تەندروستی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپۆرتێکی نوێی ژنان لە تەندروستی جیهانی، ئاماژەی بەوەداوە کە ژنانی کارمەندانی تەندروستی لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا زەمینەی یەکسانی جێندەرییان لەدەستداوە.

 

لە کاتێکدا ٪٧٠ی هێزی کاری چاودێری تەندروستی لە سەرانسەری جیهان لە ژنان پێکهاتووە، ئەوان تەنها ٪٢٥ی ڕۆڵی سەرکردایەتی باڵایان لە بواری تەندروستی هەیە، ژنان هەندێک پێشکەوتنیان بەدەستهێنابوو لە ساڵانی ڕابردوو لە کەمکردنەوەی جیاوازی جێندەری، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەی ژنان لە دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گەیشتە ٣٢٪، بەڵام دواتر لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ ٦٪ دابەزی.

 

لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کارمەندانی تەندروستی وەک پاڵەوان سەیریان دەکرا، بەڵام ڕووبەڕووی کاتژمێری کارکردنی زیاتر دەبوونەوە بە بەراورد بە ڕابردوو، هەروەها ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە پەتای کۆرۆنا بوونەتەوە بەتایبەتی بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهان، لەگەڵ ئەوەی پەروەردە و چاودێریکردنی منداڵان و بەساڵاچووان یان خێزانەکانیان خرابوویە ئەستۆ.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئەوەشی دەرخستووە، ژنان زۆرجار ڕووبەڕووی جیاکاری زیاتر دەبنەوە لەسەر بنەمای تەمەن، ڕەگەز، ئایین، و مەترسیترین کارەکانیان بە مووچەیەکی کەم پێدەدرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی نایەکسانی لە چاودێری تەندروستی و  کەمبوونەوەی کارمەندانی تەندروستی بەتایبەتی لە وڵاتانی هەژارنشیین.

 

لە کاتێکدا وڵاتان لە ساڵی ٢٠١٩ بەڵێنەکانیان دووپاتکردەوە کە جیاوازییە جێندەرییەکان کەمبکەنەوە، بەڵام ڕەنگە هەندێک وڵات زیاتر لە ١٠٠ ساڵ بخایەنێت تا بگەنە ئامانجەکانیان و لەسەر ڕێگاکەیان بەردەوامبن.

 

زۆرینەی ڕۆڵە کاریگەر و گرنگەکانی کەرتی تەندروستی وەک مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆش، پەرستاری و مامان دەدرێت بە ژنان، لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەبەرئەوەی ژنان لە هێڵی پێشەوەبوون زیاتر بەرکەوتەی ڤایرۆسەکە بوون و ئەگەری نەخۆشکەوتنیان زیاتر بوو، ئەمەش بووە هۆی مردن یان کەمئەندامی کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن زیاتر کاریگەری لەسەر ژنان هەبووە بە بەراورد بە پیاوان.

 

لەگەڵ ئەوەی ژنان زۆرترین ئەرکیان دەخرێتە ئەستۆ بەڵام پشتگیرییەکی کەم بۆ هەموو ئەم کارە زیادانە وەردەگرن، تا ئێستاش لە زۆربەی وڵاتانی جیهان مۆڵەتی خێزانی، مۆڵەتی نەخۆشی، مۆڵەتی منداڵبوون، مۆڵەتی دایکایەتی، مۆڵەتی چاودێری بەساڵاچووان نادرێت بە ژنان، نزیکەی ٧٢ وڵات، لەنێویاندا ئەمریکا تەنها ١٤ هەفتە مۆڵەتی بە موچەیان هەیە، ئەمەش ژنان لە پاش منداڵبوون دەخاتە دۆخێکی خراپەوە لە بواری پیشەیی.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زیاتر لە ٦ ملیۆن ژن لە هێزی کاری تەندروستیدا بە هیچ شێوەیەک مووچەیان پێنادرێت یان بە شێوەیەکی گشتی کەم مووچەیان پێدەدرێت.