" هەڵەبجە برینێکی هەمیشە تازەی نەتەوەی کوردە "
لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، ژنانی دیواندەرە پەیامێکیان بەناونیشانی " هەڵەبجە، برینی هەمیشە تازەی نەتەوەی کورد"ە بڵاوکردەوە.
دیواندەرە
ئەو فرمێسکە تیمساحیانەی کە سەرانی ڕژێمی ئێران بۆ هەڵەبجە دەیڕژێن، هیچ شتێک لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە ئێران دوژمنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردە.
"کیمیابارانی هەڵەبجە یان جینۆسایدی هەڵەبجە" کیمیابارانی هێزەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق بوو لە شاری هەڵەبجە لە باشووری کوردستان، کە لە ١٦ ئادار ساڵی ١٩٨٨ و لە ڕۆژانی کۆتایی شەڕی ئێران و عێراقدا ڕوویدا و پڕۆسەی جینۆساید و کوشتنی بەکۆمەڵی گەلی کوردی گەیاندە لوتکە و لەگەڵ کیمیابارانکردنی ئەم شارە ٥٠٠٠ هاوڵاتی کوشت، کە ژن و منداڵ و پیر و گەنجی تێدابوو و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسی بریندار کرد و هەزاران کەسیش ئاوارە بوون، هەروەها زیانێکی زۆری بە سروشتی ناوچەکە گەیاند.
جیهان تەماشای ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتیەی دەکرد و شاهیدی بوو، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە زلهێزەکان بێدەنگ بوون لە ئاستی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤیاتییە، بەم شێوەیە جارێکی تر نەتەوەی کورد بە ئاشکرا بوو بە قوربانی.
ئەم تاوانانەی دژ بە نەتەوەی کورد دەکرێت لە ئەنجامی دەستبەسەرداگرتنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و دابەشبوون و داگیرکردنی ئەم خاکەیە بەهۆی ڕێککەوتننامەی لۆزان و سایکس بیکۆوە کە ئاسانکاری کردووە بۆ دوژمنانی نەتەوەی کورد کە تاوان و داگیرکارییەکانیان ئەنجامبدەن، چونکە ئەگەر میللەتی کورد دابەش نەکرایە و کوردستان سەربەخۆیی و سەروەری سیاسی خۆی هەبوایە، هەرگیز حاڵەتی کوشتنی بەکۆمەڵ لەم جۆرە ڕوویان نەدەدا.
فرمێسکی تیمساحی کە سەرانی ڕژێمی ئێران بۆ هەڵەبجە دەیڕێژن، لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە ئێران دوژمنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردە، ئەو دەسەڵاتەی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران دژ بە خوێندکارە کچەکان کیمیایی بەکاردەهێنێت، لە هەمان بنەماڵەی سەدام و ئەتاتورکەکانن.
ئێستا کە ڕژێمی ئێران لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدایە، چاوەڕوان دەکرێت نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتەکانی جیهان و هەموو لایەنگرانی ژینگەپارێزی و کۆمەڵگای جیهانی بە گشتی پێش بە ئێران بگرن لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش گەورەترین مەترسی لەسەر چارەنووسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات، بایەخنەدان بەم بابەتە، چاوپۆشیکردنە لە ژیان و نیگەرانییەکانی ٤٠ ملیۆن کەس، کە هەموو جارێک دەبنە قوربانی کارەساتەکان.