کوەیت ڕێگە بە ژنان دەدات بەشداری لە هێزە چەکدارییەکان بکەن

کوەیت ڕێگە بە ژنان دەدات لە لقە جیاوازەکانی بنکە سەربازییەکاندا بەشداری بکەن و بەرگری لە وڵاتەکەیان بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی بەرگری کوەیت لە ١١ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، ڕێگە بە ژنان دەدات وەک ئەندامی هێزە چەکدارییەکان بچنە ناو سوپای کوەیتەوە.

لەبارەی بەشداری کردنی ژنان لە هێزە سەربازییەکان ئاماژە بەوەکراوە، ژنانی کوەیت بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە وڵات شان بە شانی پیاوان بڕیاری چوونە ناو هێزە چەکدارییەکانیان داوە، ئەمەش ڕۆڵێ ژنان لەناو کۆمەڵگادا دەردەخات.

ئەو لقانەی لە سەربازیدا ژنان دەتوانن ناوی خۆیانی تێدا تۆمار بکەن بریتین لە "بەرگری ئاسمانی، زەمینی، دەریایی، موشەکی هەروەها خزمەتگوزاری گشتی".

کوەیت یەکەم وڵاتی عەرەبی نییە، کە ڕێگەی بە ژنان داوە بەشداری بکەن لە بنکە سەربازییەکاندا، سعودیەش یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانەی لە مانگی شوباتی ڕابردووەوە ڕێگەی بە ژنان داوە بەشداری سەربازیی بکەن.