كوێستان محەمەد: سزای ئەو كەسانەی خۆیان كردووە بە كەمئەندام تا پێنج ملیۆن دینارە
خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای ھەمواری یاسای خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان کرا و کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێم دەڵێت:" سزای ئەو كەسانەی خۆیان كردووە بە كەمئەندام تا پێنج ملیۆن دینارە".
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٦ی تەمووزی ٢٠٢١، پەرلەمانی کوردستان خوێندنهوهی دووهمی بۆ پێشنیاز و پڕۆژەیاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەنپێداویستیی تایبەت ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠١١ لە هەرێمی كوردستان-عێراق) كرد.
کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێم، لە کۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆمەڵێک مافی تازە دەستنیشان کراون، لە بابەتی کارکردنی خاوەنپێداویستیی تایبەت و کورتەباڵاکان لە پڕۆژەکان و بابەتی وەرزش کە تواناکانیان تێیدا جێگیر کراوە، لەگەڵ کۆمەڵێک مافی تر.
ئاشکرایکرد، سزای پێبژاردن دەستنیشان کراوە بۆ ئەو کەسانەی کەمئەندام نین و خۆیان كردووە بە کەمئەندام لەگەڵ ئەو كەسانەی هاوكارییان كردون بۆ ئەو كارە، سزای ئەو كەسانەی خۆیان كردووە بە كەمئەندام، لەنێوان دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بۆ پێنج ملیۆن دینار دەبێت لەگەڵ سزای یاسا بەرکارەکان.
کوێستان محەمەد ڕاشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە، مووچەی زیاتر لە ٢٥ هەزار کەمئەندام ڕاگیراوە كە شایستە نەبوون و بەردەوامیش دەبن لە ڕاگرتنی مووچەی ئەوانەی ناشایستەن.