ژنێک لە بەغدا بە ترسناکانە کوژرا

کوشتنێکی ترسناک لە بەغدا، دوای ئەوەی پیاوێک ژنەکەی کوشت و تەرمەکەی لە ناوەڕاستی پایتەخت لەبەردەم ڕێبوارەکاندا فڕێدا، توڕەیی و نیگەرانییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

توندوتیژی خێزانی لە عێراق بەهۆی نەبوونی یاسای ڕێگریکردن و میکانیزمی پاراستنی کاریگەر بۆ ژنان، بەردەوامە لە پەرەسەندن، دەرگا بەڕووی پێشێلکاری زیاتردا دەکاتەوە کە زۆرجار بە دەرئەنجامە دڵتەزێنەکان کۆتایی دێت.

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ  بەغدا شاهیدی کوشتنێکی ترسناک بوو، کاتێک پیاوێک ژنێکی کوشت و تەرمەکەی لە شەقامی شێخ عومەر لە ناوەندی شارەکە فڕێدا، لەبەرچاوی تەواوی ڕێبواران. ئەم ڕووداوە ئیدانەکردنی بەرفراوان و توڕەیی گشتی بەدوای خۆیدا هێنا.

 

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، دوای ماوەیەکی کەم لە ڕوودانی تاوانەکە، هێزەکان دەستیان بە دەستگیرکردنی تۆمەتبار کردووە. لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە زینابەرکەوتووەکە هاوژینەکەیەتی، تا ئێستا پاڵنەرەکانی تاوانەکە نادیارە، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە کۆکردنەوەی بەڵگە و تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی بارودۆخی ڕووداوەکە، کە تا ئێستاش بە نهێنی ماوەتەوە.

 

ئەم تاوانە جارێکی تر تیشک دەخاتە سەر پەرەسەندنی حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی لە عێراقدا، بابەتێک کە ساڵانێکە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن.

 

ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆرێک لە ژنان لە ناو خێزانەکانیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبن بەبێ ئەوەی میکانیزمی پاراستنی گونجاو یان یاسای ڕێگریکردن بە توندی جێبەجێ بکرێت.