کوشتنی ژنان لە نێوان پەردەپۆش کردن و ئاشکرا بووندا
بکوژانی ژن و ئەو عەقڵیەتەی هەمیشە خواستی لەناوبردنی ژنانە، بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان ئامارەکان و ڕێژەی کوشنتەکە دەشاردنەوەو ئاشکرای ناکەن، شەهێن عومەر هەڵەبجەیی توێژەری دەروونی دەڵێت: ئێمە توێژەرانی دەروونی وکۆمەڵایەتی خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین.

میهرەبان سەلام
هەڵەبجە- عەقڵیەتی پیاساولارو دەسەڵاتداران کە هەمیشە ڕەوایەتی بە توندوتیژی دژی ژنان و کوشتنیان دەدەن، نوێترین سیاسەتیان بەدەر لەوەی هەمیشە هەوڵی خۆدزینەوە لە یاسا دەدەن، شاردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنانە، ئەمەش بۆ ئەوەی بکوژان نادیاربن و نەکەونە بەردەم دادگاو یاسا.
لە کاتێکدا ئامارە فەرمییەکان باس لەوەدەکەن ساڵانە نزیکەی ٥٠ ژن دەکوژرێن لە هەرێمی کوردستان، رێکخراوی سەربەخۆی ژنان پێیوایە ژمارە راستەقینەکان زۆر لەوە زیاترن و زۆرێک لە تاوانەکان وەک "خۆکوشتن و ڕووداو" تۆمار دەکرێن، رێکخراوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەسەڵاتداران بە کەمتەرخەم دەزانێت کەماوەی هەفتەی رابردوو دووژن لەهەڵەبجەو ژنێک لە دەربەندیخان و یەکێک لە کفری کوژراون و تاوەکو ئیستا بیانووی کوشتنەکانیان بە نەزانراوی ماوەتەوە.
تەنها لە ماوەی ١٠ ڕۆژی سەرەتای ئەیلوولدا کوشتنەکانی ژنان بەم شێوەیە بوون: لە شەوی ٧ی ئەیلوول لە شارۆچکەی کفری شەڕە چەقۆ لەنێوان دوو خێزاندا ڕوویدا، ژنێک بە چەقۆ بریندار بوو گیانی لەدەستدا، شەی ٦ی ئەیلوول، لە گەڕەکی باخی میری هەڵەبجە دوو ژن کوژران کە دایک و کچ بوون، هەروەها درەنگانی شەوی ٤ی ئەیلوول، لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەربە پارێزگای سلێمانی، پیاوێک دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە هێرشی کردە سەر هاوژینەکەی و کوشتی.
ئەم ئامارانە راگەیاندنەکان خۆیان کۆی دەکەنەوەو ئاژانسەکەمان مانگانە ئاماری کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان کۆدەکاتەوەو دەیخاتەڕوو، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار بەبیانووی باشترکردنی دۆخەکە خۆی لە ئاشکرا کردنی ئامارەکان دەدزێتەوەو بۆ ڕای گشتی نایخاتەڕوو.
شەهێن عومەر هەڵەبجەیی توێژەری دەروونی سەبارەت بە بەردەوامی کوشتنەکانی ژنان و شاردنەوەی ئامارەکان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: هۆکارەکان لە هەرێم روولە زیاد بوونە ناهۆشیاری تاک و کۆمەڵگە هۆکاریکەو بەقەد ئەوەنییە بتوانین بە زمانی گفتووگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، هەروەها نەبوونی سەنتەری راوێژکاری دەروونی و خێزانی نەبوونی نەخۆشخانە دەروونیەکان لە هەرێم بەگشتی تاک و کۆمەلگە ناتوانن لە کاتی بوونی گرفت ڕێنمایی و چارەسەر وەربگرن تا دەگاتە حاڵەتی خۆکوشتن.
"پەردەپۆش کردنی کوشتنەکان بەهۆی کۆمەڵگەوە هۆکاری زیاد بوونی کوشتنەکانە"
لایەنەکانی زۆری کوشتنی ژنان و پەردەپۆش کردنیان ،شاردنەوەیان لەلایەن کۆمەڵگەو عەشیرەت و خێڵەکانەوە بەهۆی لایەنی کۆمەڵایەتییەوەیەو ئەم توێژەرە وتی: کار ئاسانی کردن لە ڕووی یاسایی و بەهۆی باری کۆمەڵایەتی و سکاڵا نەکردن، یاسا دەستی دەبەسترێت و وناتوانێت سزای بکوژ بدات، بۆیە لایەنی پەیوەندیدار پیویستە بەجدی تیشک بخەنە سەر ئەم حاڵەتانە، لایەنی خزمەتگوزاری و دەروونی فراوانتر بکەن وکۆمەلگە ئەوەنە هۆشیار بێت پێش بریاردان، دەست بخاتە حالەتەکە سەردانی سەنتەرەکان بکات تا کارەکان لەکار نەترازێن و ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگای مەدەنی پێویستە هەولی خۆیان جدی بکەنەوە کاریگەربن لە هۆشیاری کۆمەڵگە تا چیتر تاکەکان بەتایبەت ژنان نەبن بە قوربانی.
"توێژەران خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە هەر حاڵەتیکی خۆ کوشتن"
سەبارەت بەوەی ئایا ژنان پەیوەندییان پێوەدەکەن بۆ چارەسەر کردنی کیشەکانیان، شەهێن عومەر لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە توێژەرانی دەروونی وکۆمەڵایەتی خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین، ژنان توانیویانە پەیوەندی بکەن و کیشەکان چارە بکەین هەروەها لەبەر ئەوەی شوێن نەبووە، لەڕێگەی رێکخراوەکان و کەسایەتییەکانەوە توانیومانە کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام ئەمە وەک پێویست نییەو پێویستی بەکاری جدییە.