کوردستان کۆچەر: کات کاتی پاراستنی سیستمی هاوسەرۆکایەتییە

کوردستان کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی یەپەژە جەختی لە گرنگی پاراستنی سیستمی هاوسەرۆکایەتی کردەوە، وتی: کاتی ئەوە هاتووە خۆمان و ئەم سیستەمە بپارێزین، بەو پێیەی یەکێکە لە دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەمان.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، گەلەکەی لەسەر بیر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خۆیان ڕێکخست و زانیاری زیاتریان وەرگرت، بیرۆکەکانی لەسەر زەوی لە ڕێگەی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکەوە جێبەجێ کرد، کە خۆبەڕێوەبەری پایەی بنەڕەتییە.

 

گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕێگەی سیستمی خۆبەڕێوەبەریەوە بوونی خۆیان سەلماندووە و ژنانیش ڕۆڵێکی بەرچاویان لە سیستمی هاوسەرۆکایەتیدا بینیوە، لەناو ئەو پێشهات و ڕووداوانەی کە لە سەرانسەری جیهاندا ڕوودەدەن، سیستمی هاوسەرۆکایەتی گونجاوترین مۆدێلە بۆ پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان و پێدانی مافی ژیان بە کۆمەڵگە بۆیە پێویستی بە پاراستنی هەیە.

 

"سیستەمی هاوسەرۆکایەتی یەکێکە لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان"

کوردستان کۆچەر، ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی یەپەژە جەختی لەوەکردەوە کە سیستمی هاوسەرۆکایەتی یەکێکە لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان، ئەو دۆخەی ئێستا هەموو جیهان پێیدا تێدەپەڕێت پێویستی بە پاراستنی ئەم سیستمە هەیە، ئێمە گرنگی بەم سیستمە دەدەین، چونکە یەکسانی ڕەگەزی و قبوڵکردنی دیدگا جیاوازەکان بەرەوپێش دەبات، هەروەها هەموو گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە و مافی ژنان و هەموو پێکهاتەکان و ئایینەکان دەپارێزێت و ئامانجی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی و دیموکراتییە.

 

"کاتی ئەوە هاتووە بیپارێزین"

کوردستان کۆچەر ڕوونیکردەوە کە سیستمی هاوسەرۆکایەتی چارەسەری گونجاوە بۆ داهاتووی سووریا، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی بە پێشەنگایەتی و بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەژە)دامەزرا و پارێزراو بوو.

 

جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لە سووریا و جیهاندا کردەوە، چونکە هیچ سیستەمێکی تر نییە کە فرەچەشنی کۆمەڵگە قبوڵ بکات، مافەکانی ژنان دەستەبەر بکات، ناسنامەی گەلان بپارێزێت و بە کولتوور و زمانی خۆیان لە باوەشیان بگرێت، ئێمە چووینەتە قۆناغێکی هەستیارەوە، کاتی ئەوەیە ئەم سیستەمە بپارێزین، چونکە گۆڕانکاریی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و چارەسەرێکی گونجاو دەبێت بۆ بونیادنانی داهاتووی سووریا.

 

"باوەڕمان بە هێزی ژنان هەیە"

کوردستان کۆچەر داوای لە هەمووان کرد کە ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند بونیاد بنێن و ئەم هەلە مێژووییە بقۆزنەوە، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دەستخۆشی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، شەهیدان و شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە و هەسەدە دەکەین بۆ دامەزراندنی و چەسپاندنی ئەم سیستەمە، ئێمە باوەڕمان بە دەسەڵاتی ئەو ژنانە هەیە کە هەستاون و بەرگریان لەم سیستەمە کردووە، چونکە ئەمە هەلێکی مێژووییە، هەلێکە کە جارێکی تر هەرگیز نادرێتەوە بە ژنان، ئەو ژنانەی کە ناتوانن بچنە ناو سەربازییەوە دەتوانن لە کۆمینەکان، ئەنجومەنەکان، دامەزراوەکان، ئۆرگانەکان، پارتە سیاسییەکان کار بکەن، هەموو ژنێک دەبێت درک بە خۆی و خواستی خۆی بکات و خۆی دەرببڕێت.