کەرکوک، زنجیرە چالاکیەک لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم ئەنجامدرا

لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوی ڤیان بۆ پاراستنی مافی ژنان لە کەرکوک چالاکییەکی ئەنجامدا و تیشکی خستەسەر زیانەکانی هاوسەرگیری پێشوەختە.

کەرکوک

 

ئێوارەی دوێنێ ڕێکخراوی ڤیان بۆ پاراستنی مافی ژنان، زنجیرە چالاکییەکیان لە چوارچێوەی ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخست.

 

لە چالاکییەکەدا فەنار فاروق، بەرێوبەری ڕێکخراوەکە، بۆ ئامادەبووانی چالاکییەکە قسەی کرد و باسی لەوە کرد کە پێویستە وەکو ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵی بنبڕکردن و کەمکردنەوەی تەواوی جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان بدەین.

 

لە چالاکییەکەدا شانۆێک لەلایەن ژنە شانۆکاری شاری کەرکوک (ئاوارە کوردی)یەوە پێشکەش کرا، کە تیدا بەرجەستەی لە ئازارو کوشتنی کچان دەکرد بەدەستی کەسوکاریانەوە، هەروەها بۆ دەربڕینی ئازاری ژنان پارچەیەک ئاوازی موسیقی بۆ ئامادەبووان ئامادەکرابوو.

 

لە کۆتایی چالاکییەکە  کورتە فیلمێک بۆ پاراستنی مافی ژنان لە هۆڵی سینەمای تایم سەنتەر مۆڵ نمایش کرا، لە کورتە فیلمەکدا باس لە دیاردەی گێچەڵ و توندوتیژی دژی ژنان کرا، تیدا وێنەی ئەو ژنانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژراون نیشاندرا، هەروەها تیشکخرایە سەر ئەو گۆرستانە بێ ناونیشانەی کە ژنان دوای کوشتنیان لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە لێی دەنێژرێن.

 

ت.پ