کەرکوک، سیمینارێکی تایبەت بە ڕۆژی ژنان بەڕێوەچوو

لە درێژەی کارو چالاکییەکاندا لە کەرکوک سیمینارێکی تایبەت بۆ خۆئامادەکردن بۆ رۆژی ٨ی مارس بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

لە یەکەم ڕۆژی مانگی ئازار و لە دەستپێکی چالاکیەکانی یادکردنەوەی  ٨ی مارس، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە شاری کەرکوک سیمینارێکیان بۆ باسکردنی ڕۆژی جیهانی ژنان بەڕێوەبرد، سیمینارەکە تایبەت بوو بە خۆئامادەکردن بۆ ڕۆژی ٨ی مارس.

سیمینارەکە سەرەتا بە خولەکێک وەستان لە پێناو ڕێزگرتن لە پاکرەوانی ڕێگای ئازادی کوردستان، بە بەشداری ژنان و پیاوان بەڕێوەچوو.

 

شیرین عەبدوڵا، پارێزەر لە شاری کەرکوک دەربارەی ٨ی مارس ئاماژەی بەوەدا "تێكۆشانی ژنان دەرهەق بە سیستمی سەرمایەداری، مێژوویەكی كۆن و درێژی هەیە و هەمیشە ژنان وەك خاوەن پێگەیەكی سەرەكیی كۆمەڵگا تێكۆشانیان كردووە بۆ بەدەستخستنی مافەكانیان، تا ئەمڕۆش ژنان پێشەنگی سەرەكیی تێكۆشانن و هەمیشە بۆ ئازادیی گەل و وڵات و مرۆڤایەتی تێدەكۆشن".

لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ژنانی كورد لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ڕۆڵ و پێگەی خۆیان هەبووە، داستانی بەرخودانی شەڕڤان و گەریلا باشترین نموونەن بەرامبەر فاشیزم و عەقڵیەتی ڕەگەزپەرەستی، بۆیە ئێستاش ژنان پێگەی سەرەكییان هەیە لە تێكۆشان و بەرخودان".

سیمینارەکە بە گفتوگۆ و پرسیارکردن لەسەر ئەرك و ڕۆڵی ژنان لە كۆمەڵگای كوردیدا کۆتایی هات.

 

ت.پ