"کرێکاری بنەوشەیی" ڕووبەڕووی کاری زیادەو موچەی کەم دەبنەوە

لەیلا کەریم، ئەندامی لقی سەندیکایی کرێکاران و سەرپەرشتیاری بەشی ژنان دەڵێت: کرێکارانی بنەوشەیی، واتە خۆیان بۆ کارکردن دەچنە ماڵەکان چاودێری کەسانی نەخۆش و منداڵان دەکەن، کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و کاری زیادە بە موچەی کەم دەبنەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ توندوتیژییە دەروونی و کۆمەڵایەتی و جەستەیییەکان بۆسەر ژنان بەردەوامیان هەیە، ژنان لە سەر کارەکانیان  ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بەڵام هۆشیاری ژنان بە سەندیکای کرێکارانی کوردستان نەگەیشتووە، ژنانی کرێکار بۆ پاراستنی مافەکانیان پێویستە سەردانی لقی ژنانی سەندیکای کرێکاران بکەن، تا بتوانن لە ڕێگەی تۆمارکردنی ناوەکانیان مافەکانیان پارێزراو بێت، بە گوێرەی ڕاگەیاندراوێکی سەندیکا لە مانگی ئابی ٢٠٢٥ەوە، دەبێت هەر کرێکارێک لە سەرجەم کۆمپانیا ئەهلیەکاندا، بڕی موچەکەی لە ٤٥٠ هەزار کەمتر نەبێت، لەگەڵ ئەزموونی زیاتر بڕە پارەی زیاتر دەدرێتە کرێکاران، ژنان لە کارتی کارکردندا بوونی نەخۆشی و مۆڵەتی دایکانە، کارئاسانی بۆ ژنان دەکەن، لەگەڵ سەرپێچی کردنی ئەو یاسایانەی بۆ خاونکار داندراوە، خاوەنکارەکان ڕووبەڕووی سزای یاسایی لە ناو دادگاکاندا دەبنەوە، پێویستە ژنان لە تەواوی کۆمپانیاکاندا هۆشیار بکرێنەوە تا بتوانن لە سەندیکای کرێکاراندا ناویان تۆمار بکەن تا لە کاتی ڕووبەڕووبونەوەی هەر بارودۆخێکی توندتیژی و دەستدرێژییەکاندا کۆمپانیاو خاوەنکارەکان ڕووبەڕووی سزای یاسای بکرێنەوە، لەگەڵ نەبوونی هەوێی سەندیکادا خاوەنکارەکان سزای دیکەیان بەسەردا دەسەپێندرێت.  

 

"ژنان لە کاتی کارکردندا ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دەکرێنەوە"

لەیلا کەریم، ئەندامی لقی سەندیکای کرێکاران و سەرپەرشتیاری بەشی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بارودۆخە جەنگیییەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، خراپی بارودۆخی ئابووری و نەبوونی کارو بێ بازاڕی لە ناوچەکەدا دروست دەکات، ئەوەش بۆتە هۆکاری قایلبوونی کرێکارانە بە هەر توندوتیژی و نادادییەک بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، وتی: زۆرێک لە کرێکارانی ژنان بە هۆکاری ئەو بارودۆخە جەنگی و ئابوورییەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، کاریگەری لەسەر پەسەندکردنی هەر کارێکی قوورس  و گران دەکەنەوە، تا بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن، سەرەڕای سەختی کارەکان لە ئێستادا کاری بێ سەرچاوە ڕووی لە زیادبوون کردووە، ژنان بۆ دابینکردنی بژێوی دوور لە چاوی سەندیکای کرێکاران و کۆمپانیاکاندا لە ماڵەکاندا وەک هاوکارییەک بۆ ماڵەکان کاردەکەن، یان چاودێری کەسانی نەخۆش و منداڵان دەکەن، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا کاری زیادەیان پێدەکەن، ئەو کەسانە کرێکاری بێ سەرچاوە یان ڕەنگی بنەوشەیی دەدرێتە پاڵیان، ڕەنگی بنەوشەیی دەدرێتە پاڵ کرێکارانی بێ سەرچاوە، واتە  لەژێر سەرچاوەی کۆمپانیایەک یان سەندیکای کرێکاراندا نین، بەڵام دڵسۆزانە کارەکانیان ئەنجام دەدەن، سەرەڕای ئەو بارودۆخەش زۆرێک لەو ژنانەی ناوی خۆیان لە کۆمپانیاو سەندیکای کرێکاراندا تۆمار کردووە، لە ڕێگەی دیاریکردنی کارەکەی لە ژورێکدا یان کۆمپانیایەک یان ماڵێکدا دیاری دەکرێت، بەڵام خاوەن ماڵەکە یان کۆمپانیاکە دەیباتە جێگەیەکی دیکە بۆ کارکردن و کاری زیاتری پێ ئەنجام دەدات، لە پێناو لەدەستنەدانی کارەکەیدا بێدەنگی هەڵدەبژێرێت. 

 

" دەتوانێت لە ڕێگەی یاساوە کێشەکانی کرێکاری ژن چارەسەر بکات"

ئاماژەی بەوەشدا، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخەی ژنانی کرێکار کاری تێکدا ئەنجام دەدەن، پێویستە کرێکاران بۆ خۆتۆمارکردن ڕوو لە سەندیکای کرێکاران بکەن، بە ئامانجی ناوتۆمارکردن و پەیوەندیکردن بە کاروباری کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانیان، ئێمە وەک سەندیکای کرێکاران پەیوەندی بە کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دەکەین تا کرێکاران ماف و ئەرکیان پارێزراو بێت، لەگەڵ ناوتۆمارکردنی ژنانی کرێکاردا دەتوانین ئەو کەسانەی گێچەڵ و دەستدرێژی لە کاتی کارکردندا بکاتە سەریان ڕاپێچی دادگای بکەین، چونکە سەندیکای کرێکاران وەک ماڵێک بۆ کرێکاران داندراوە و سەندیکایەکی جیهانییە، چەندین کار لەخۆ دەگرێت، دەتوانێت لە ڕێگەی یاساوە کێشەکانی کرێکاری ژن چارەسەر بکات، سەندیکای کرێکاران لایەنگیری زوڵم لێکراوان دەکات، چی کرێکار بێت یان خاوەنکار بێت، بۆ هۆشیارکردنەوەی کرێکاران  لە سەندیکای کرێکاران و تۆمارکردنی ناویان، لەگەڵ کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتییدا بەهەماهەنگی، پەیوەندی بە کۆمپانیاکان دەکرێت کە ژنان دەخەنە کارەوە، تا بتواندرێت چاودێری هاتنی کارمەندی نوێ بکەین تا خۆیان ناونووس بکەن لامان، پاشان لە ڕێگەی سیمینار و پانێڵ و ڕاگەیاندراوەکانمان لە میدیاکانەوە هاوڵاتیان و کرێکاران هۆشیار دەکەینەوە،  تا بتوانن سەردانمان بکەن و خۆیان ناونووسبکەن.

 

" بۆ پارێزگاریکردن لە ژنانی کرێکار پێویستە لە سەندیکای کرێکاران ناو تۆمار بکەن"

لەیلا کەریم لە کۆتایی قسکانیدا وتیشی: ئێمە لیژنەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ، لە ڕێکخستن و ناو سەندیکاکاندا، کاتێک سەردانی شوێنی کارەکان یان ناو دایەنگەکان دەکەن، پێویستە لیستی موچەی فەرمانبەرەکان بزانێت، دەبێت لە ٤٥٠ هەزار دیناری عێراقی کەمتر نەبێت، بۆیە پێویستە کارمەندەکان لە گەر نادادییەک لە کارەکانیاندا لیژنەکان دەستبەجێ ئاگادار بکەنەوە، هەروەها لە ڕێگەی ژمارەی پەیوەندییەکانمانەوە ئاگادار بکرێینەوە، دەتوانن بۆ پاراستنی کارەکەیان ناوەکانیشیان نەزاندرێت، هەروەها پێویستە کرێکارانی ژن لە هەر جێگەیەک و کۆمپانیایەکدا کاردەکەن سەردانمان بکەن تا بتوانین وەک ئەندامێک کاریان لەگەڵدا بکەین، ماف و شێوازی کارکردنیان بۆ دابین بکەین و پارێزگاریان لە هەر جۆرە توندوتیژییەکی دەروونی و جەستەیی لێ بکەین.