کرێکاران لە ڕۆژی خۆشیاندا شوێنیان لە دوای بەرپرسەکانەوەیە
لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا لە هەموو جیهاندا کرێکاران ئەو ڕۆژە پشوو دەدەن و مەراسیمی تایبەتییان بۆ ڕێکدەخرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە پێچەوانەیە کرێکارەکان کار دەکەن و کەمترین مافییان هەیە، تەنانەت لە مەراسیمێکیدا کە بۆ ڕۆژی کرێکاران ڕێکخرابوو، بەرپرسەکان ڕیزی پێشەوەیان گرت و کرێکارانیش بەرخۆر و ڕیزی کۆتایی.
تەرزە تەها
سلێمانی- یەکی ئایار/٥ لە تەواوی جیهاندا ڕۆژی جیهانی کرێکارانە، کرێکاران پشوو دەدەن و مەراسیمی تایبەتییان بۆ ڕێکدەخرێت، لە شاری سلێمانیش ئەمڕۆ مەراسیمێک ڕێکخرا، بەڵام لەبری ئەوەی کرێکارەکان بچنە ڕیزی پێشەوە و ئەو ڕۆژە پشوویان بێت، بەرپرسەکان ڕیزی پێشەوەی مەراسیمەکە و بەر سێبەرەکەیان گرتبوو، کرێکارانیش ڕیزی پشتەوە و بەر هەتاوەکەیان بۆ مابووەوە.
لە مەراسیمەکەدا نزیکەی ١٠٠ کرێکاری پاککەرەوەی شەقام و نەخۆشخانەکان بەشداربوون، ڕوخساری ماندوویان لەبەر تینی خۆرەکەدا هێندەی دیکە ماندوویەتی دەنواند، بەڵام بە ئومێدی هاوکاریی کردن و بەدەستهێنانی مافەکانیان گوێیان لە وتەی بەرپرسەکان دەگرت، تا دەنگێک بێت و بڵێت ئیتر مافەکانتان بۆ دەستەبەر دەکرێت.
لەلایەن چالاک ڕەئوف سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، کۆمەڵێک داواکاریی بۆ باشکردنی دۆخی کرێکاران خوێندرایەوە، لەوانەش سنوردارکردنی هێنانی کرێکاری بیانی، چاودێری کردنی زیاتری خاوەن کارەکان بۆ پاراستنی مافی کرێکاران.
کرێکاران ئومێدیان بە قسە نەماوە

ئیلهام قادر تەمەنی ٤٢ ساڵە، خاوەنی پێنج منداڵە، خۆی و هاوژینەکەی کرێکارن، ماوەی پێنج ساڵە لە نەخۆشخانەی شار کاردەکات، وەک دەڵێت سەرباری هەموو ئەم هیلاکیانە ڕێزیان لێناگیرێت، هیچ ئومێدێکیش لەم مەراسیمانەدا بەدی ناکات.

شیرین عومەر، کارمەندێکی دیکەی پاککرەوەیە، باس لەوەدەکات سەرباری گرانی نرخی شتوومەکەکان، زۆری ماوەی کارکردنیان و نەبوونی پشوو بەڵام مووچەکانیان زۆر کەمە و بەشی نیوەی پێداویستییەکانیان ناکات.

لەیلا کەریم، ئەندامی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، ئەوەدەخاتە ڕوو کە دۆخی کرێکاران باش نییە بەشێکیان مووچەکانیان کەمتر لە ٣٠٠ هەزارە، ئەمڕۆش پێشنیارەکانیان بۆ باشکردنی دۆخی کرێکاران ئاڕاستەی حکومەت و حزب کردووە.
هەر لە مەراسیمەکەدا کۆمەڵێک یاداشت بۆ دەستەبەرکردنی مافی کرێکاران ئاڕاستەی پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرا، بەپێی ئامارەکانیش لە ساڵی ٢٠٢٠، ٢٢ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، لە چوار مانگی ئەمساڵیشدا ١٠ کرێکار گیانی لەدەستداوە.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا پێشەنگایەکی کاری دەستی بۆ ژنان کرایەوە، بەرپرسەکانیش پاش کۆمەڵێک پیاهەڵدان بە گرنگی کرێکارەکاندا، ڕۆشتن و تەنانەت ئەو نامیلکە بچووکەی کە باسی لەو ڕۆژە دەکرد لێیان بەجێما، کرێکارانیش ڕۆشتنەوە بۆ سەر کارەکانیان.

ت.پ