کۆنتێنەر لەبری ماڵ...ڕاستیەکی تاڵ بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە

کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکەی مەرەش لە باکووری کوردستان تا ئێستاش بەردەوامن، هەزاران زیانبەرکەوتوو لە بارودۆخێکی سەختدا لەناو کۆنتێنەرەکاندا دەژین لە نێو نەبوونی چارەسەری بەردەوامدا، ژنان ئازاری ڕۆژانەیان دەردەبڕن و هیوا بۆ داهاتوو دەردەبڕن.

بنەفش ستێرک

 

هاتای- ڕۆژی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، دوو بوومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی ٧.٧ و ٧.٦ بە پێوەری ڕێختەر، ناوچەی مەرەشی گرتەوەو کارەساتێکی مرۆیی بەرفراوانی بە تایبەتی لە ئەنتاکیا و چەند شارێکی باکووری کوردستان لێکەوتەوە، لەگەڵ هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

 

نزیکەی سێ ساڵ بەسەر بوومەلەرزەکەی مەرەش تێپەڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرییەکانی هێشتا بە قووڵی هەستیان پێدەکرێت، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تەنها لە پارێزگای هاتای ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٥٠ هەزار و ٧٨٣ کەس، بەڵام دانیشتوانی ناوچەکە پێیان وایە ژمارەی ڕاستەقینە زۆر لەوە زیاترە، بە مەزەندەکردنی لانیکەم ١٠٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

هاتای بە تەواوی وێران بوو، زۆربەی باڵەخانەکانی ڕووخاون، هەزاران کەس بۆ چەند ڕۆژێک لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردبوو و چاوەڕێی ڕزگارکردن بوون، شارەکە بەردەوامە لە ئازاردان بەهۆی پاشهاتەکانی بوومەلەرزەکەوە، گۆڕاوە بۆ شوێنێکی تەلارسازی گەورە، بە تۆز و دوکەڵ و بۆنی خنکێنەر گیرۆدە بووە، لە نێو نەبوونی ڕوونی چارەسەری بەردەوامدا.

 

"تا ئێستا خۆم گرتووە، بەڵام گەیشتوومەتە سنووری خۆم"

چەند ژنێک کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، خۆیان لەگەڵ ژیاندا دەگونجێنن لەناو کۆنتێنەرەکاندا کە لە ٢٠ مەتر چوارگۆشە گەورەتر نەبێت، باسیان لە کاریگەرییەکانی ئەو بوومەلەرزەیە کرد کە ژیانی ئەوانی گۆڕی، هەروەها هیواکانیان بۆ داهاتوویەکی سەقامگیرتر.

 

لەنێویاندا ئایفەر ئۆردەک، تەمەن ٥٥ ساڵ هەیە، کە ئێستا لەگەڵ خوشک و براکانی لە کۆنتێنەر دەژین،  ئەو ئەزموونەکەی دەگێڕێتەوە، وتی: نزیکەی ٢٠ کەس بووین، لەنێویاندا کوڕەزا و خوشکەزاکانم، سەرەتا چادریان پێداین، ئێمەش بۆ ماوەیەکی زۆر تێیدا ماینەوە، دواتر گواستراینەوە بۆ کۆنتێنەرەکان، ئەو ماوەیە زۆر قورس بوو، بەتایبەتی سەبارەت بە گەرماو و پاکوخاوێنی و تەندروستی دەروونی منداڵەکان، ئەمە جگە لەوەی سەختی دابینکردنی خۆراکی تەندروست بۆیان.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کچەکەی دوای بوومەلەرزەکە تووشی کەمبوونەوەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن بووە، وتی: ماوەیەکی زۆر لە دیلۆک مامەوە، دواتر گواستمەوە بۆ ئەزەنە، پاشان بۆ ئیسکەندەرون، دۆخەکە بەرەو باشتر ناچێت، هێشتا نەمانتوانیوە وەک پێویست مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ناتوانم کاربکەم، چونکە کەس نییە ئاگاداری بێت، من لەسەر خانەنشینی باوکم دەژیم و ئەوەی لە توانامدا بێت کۆی دەکەمەوە، هەوڵدەدەم پاڵپشتی کچەکەم بم، بەو پێیەی باوکی بەشدارییەکی زۆر ناکات، ئێستا کاردەکات و بەدوای خانوویەکدا دەگەڕێت، هەروەها دەیەوێت ئێمە بگوێزرێتەوە، بەڵام پرسیار دەکەم ئایا دەتوانین پێداویستییە سەرەتاییەکانمان دابین بکەین؟

 

وتیشی: ئەوانەی چوونەتە ناو پڕۆژەی نیشتەجێبوون کە لەلایەن کارگێڕی گەشەپێدانی نیشتەجێکردنی تورکیا "تۆکی" بەڕێوەدەبرێن، ڕووبەڕووی تێچووی زۆر دەبنەوە، هەروەها دڵنیا نیم کە بتوانم پارەی ئاو و کارەبا بدەم، زۆر ژنی وەک من هەن کە لە هاوژینەکانیان جیابوونەتەوە، لە خەباتدان بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ منداڵەکانیان، ئێمە زۆر پێویستمان بە پاڵپشتییەکی ڕاستەقینەی حکومەتە کە پێداویستییە سەرەتاییەکانمان دابین بکات و دەرفەتێکمان پێبدات بە شکۆمەندیەوە بژین.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کرێی خانوو بووەتە قەیرانێکی ڕاستەقینە، بەرزبوونەوەی نرخەکان زۆرێک ناچار دەکات لەناو کۆنتێنەرە کاتیەکاندا بمێننەوە، چاوەڕێی نۆرەی خۆیان بکەن لە پڕۆژەکانی نیشتەجێکردنی "تۆکی"دا، لەبری ئەوەی بچنە ناو شوقەکانەوە کە پێویستیان بە تێچووی زۆرە.

 

ئایفەر ئۆردەک، وتی: ئەگەر خانوویەک بەکرێ بگرم، داهاتەکەم بەشی ئەوە ناکات کە کرێی خانووەکە دابین بکەم، نازانم چی بکەم، هەروەها هەست بە باشی ناکەم، چونکە ئیتر ناتوانم بەرگەی بگرم، بیر لەوە دەکەمەوە سەردانی پزیشکی دەروونی بکەم و داوای یارمەتی بکەم، تا ئێستا خۆم گرتووە، بەڵام گەیشتوومەتە سنووری خۆم.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای بوومەلەرزەکە هەندێک پشتگیری لە سەرچاوە دەرەکییەکانەوە وەرگرتووە، هەروەها هێشتا ژمارەیەک خێرخواز هەن کە هاوکارمانن، ئەگەرچی بە شێوەیەکی سنووردار، بەڵام پاڵپشتییەکانیان ئەوەیە کە تا ئێستا بەردەوامم لێ، کچەکەم تووشی نەخۆشییەکی درێژخایەن بووە، بەردەوام لەگەڵیدا دەچم بۆ لای پزیشک، خەرجی زۆرم هەیە، چ بۆ خوێندنگە، چ بۆ چارەسەرکردن، خواردن و شتی تر، هەموو هیوایەکم لەدەستداوە،هەروەها هەست دەکەم تەنها بۆ کچەکەم دەژیم نەک بۆ خۆم، نازانن چی چاوەڕێمان دەکات داهاتوو نادیارە و نیگەرانکەرە.

 

"ئێمە لەناو پارچە پلاستیکێکدا دەژین کە گەرما و سەرماکەی بەرگەی ناگیرێت"

یەکێک لەو ژنانە ڕەتیکردەوە ناوی خۆی ئاشکرا بکات لە ترسی ئەوەی ناچار نەکرێت ئەو کۆنتێنەرەکە بە جێبهێڵێت کە تێیدا نیشتەجێیە، بەڵام بە کورتی باسی ئەو بارودۆخە سەختەی کرد کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، وتی: ژیان لێرە لەڕادەبەدەر سەختە،  ئێمە سێ ساڵ لەمەوبەر، حەوت مانگ دوای بوومەلەرزەکە هاتووینەتە ئەم شوێنە، چونکە بۆ یەکەمجار ڕوومان لە مێرسین کردبوو، دوای ئەو ماوەیەش گەیشتینە ئێرە، بەڵام ژیان و دەرفەتە بەردەستەکان زۆر سنووردارە، بە سادەیی بڵێم هەموو شتێک قورسە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵەکانمان، بەڵام لەناو کۆنتێنەرێکدا دەژین کە لە ٢١ مەتر چوارگۆشە زیاتر نییە، ئەوەی لە تواناماندا بێت لە چوارچێوەی توانا سنووردارەکانماندا دەیکەین.

 

وتیشی: ئەوەندەی ئێمە دەزانین ئێستا هەموو کۆنتێنەرەکان داگیرکراون، بۆیە خێزانی چوار کەسی یان زیاتر ناچارن پێکەوە بژین، وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد، گواستنەوە لێرەوە لەڕادەبەدەر قورسە، ئەگەر ڕێگەیەکت هەبێت بۆ گەیشتن بە شوێنێکی دیکە، ئەوە کێشە نییە، بەڵام ئەگەر نەتکرد، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوام کارەبا دەبڕدرێت، بەتایبەتی لە ڕۆژانی یەکشەممە و پشووی ڕەسمیدا، هەموو شتێک دەوەستێت، بەو پێیەی ئێمە لەناو ئەم کۆنتێنەرە پلاستیکییەدا دەژین، لە هاویندا بەدەست گەرماییەکی زۆرەوە دەناڵێنین و لە زستاندا تووشی سەرمایەکی سەخت دەبین، مانەوە لەناوەوە وەک دۆزەخ وایە، بەتایبەتی کاتێک خۆر ڕاستەوخۆیە، هەوڵدەدەین دەربچین، بەڵام بۆ کوێ دەتوانین بچین؟ لە گەرمای هاویندا، تەنانەت یەک پانکە بۆ کەمکردنەوەی گەرمی نییە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک کارەبا دەکوژێتەوە، ئەو سیستەمەی ساردی و گرمیەی بەم دواییە دەستمان کەوتووە لە کاردەکەوێت، ئەمەش دانیشتووان ناچار دەکات هەوڵبدەن لە گەرما ڕزگاریان بێت بە چوونە دەرەوە لەبەردەم کۆنتێنەرەکاندا، یان بەرەو شوێنە فێنکەکان بچن ئەگەر ئۆتۆمبێلیان هەبێت، ئەوانەی کە هاتوچۆیان نییە یان لەڕووی داراییەوە گرفتیان هەیە، لە سێبەردا لەبەردەم کۆنتێنەرەکاندا دادەنیشن، بەو هیوایەی هەندێک هەوای پاکیان دەستبکەوێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخەکە لەڕادەبەدەر سەختە، ئێمە منداڵمان هەیە دەچنە خوێندنگە، هەروەها ناچارین گواستنەوەی تایبەتیان بۆ بەکرێ بگرین بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەکانەوە، بەتایبەتی کاتێک باران دەبارێت و زەوی دەگۆڕێت بۆ قوڕ، جلوبەرگ و پێڵاوەکانیان تێکدەچێت،  کاتێک باران دەبارێت ئاو دزە دەکاتە ژوورەوە، بۆیە بەتانی دادەنێین و هەوڵدەدەین کونەکان دابخەین، هەروەها هەوڵ دەدەین دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەین و ئەگەر نەمانتوانی پەنا بۆ دانانی مەنجەڵ یان گۆزە یان هەر شتێکی دیکە دەبەین کە لە تواناماندا بێت، ئێمە هەموو ڕۆژێک خەبات دەکەین، لەنێو فشارە دارایی و دەروونییە ماندووەکاندا

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هیوادارم برینەکانمان بە زووترین کات چاک ببنەوە، هەمووان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانئی خۆیان، ژیانێکی ڕێکخراوتر و سەقامگیرتر بونیاد بنرێت، دەمەوێت هەمووان لە ماڵێکی پارێزراودا بژین، کە توانای بەرگەگرتنی بوومەلەرزەیان هەبێت، لەگەڵ منداڵەکانیان.

 

"دوو ساڵم لە چاوەڕوانیدا بەسەر بردووە، نازانم هەرگیز دەڕۆم یان نا"

لە کۆنتێنەرێکی دیکەدا ئەیلەم هزمەتچی تەمەن ٤٧ ساڵ دەژی کە ماوەی دوو ساڵە لەوێ دەژی،  دەستی کرد بە گێڕانەوەی ئەو ژیانی ڕۆژانەی کە لەناو بارودۆخێکی سەختدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک گەیشتە ئەوێ، هیوای خواستووە مانەوەی کاتی بێت و بە زووترین کت بگەڕێتەوە ماڵەوە، بەڵام بۆی دەرکەوت کە ئازارەکان زۆر لەوە زیاترە کە پێشبینی دەکرد، هەروەها لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژەکاندا گرفتەکان زیاتر دەبن، چیتر ناتوانین بە ئازادی بچینە دەرەوە یان بەو شێوەیەی کە دەمانەوێت لەگەڵ دراوسێکانمان قسە بکەین، هەندێکیان بە تەواوی ناتوانین ڕووبەڕووی ببینەوە، هەروەها زۆر ئاڵەنگاری هەیە کە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.

 

ڕوونیکردەوە، کە هیوای بە داهاتوو لەدەستداوە، تاکە ئاواتیشی ئەوەیە بە زووترین کات کۆنتێنەرەکە بەجێبهێڵێت، وتی: بەداخەوە دوو ساڵ چاوەڕێم کرد، هیوا داربووم لە ماڵەکەی خۆمدا بمێنمەوە، بەڵام کاتێک ئەوە مەحاڵ بوو، ناچار بووم ناو تۆمار بکەم بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون، هەرچەندە نامەوێت لەوێ بژیم.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ماوەی ناو تۆمارکردن کە ٤٠ ڕۆژە و تازە دەستیپێکردووە، نازانم کە دەتوانم بڕۆم یان نا، زستان دێت و هەمیشە پێمان دەوترێت لەم مانگەدا دەبێت چۆڵی بکەین، ڕوونە کە ئەوان بیری لێ دەکەنەوە، ئەگەر ناچار بین بڕۆین، با لە هاویندا بێت نەک زستان، چونکە جوڵەکردن لە سەرما و باراندا لەڕادەبەدەر قورسە.