کۆنگرەی ستار: ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ بۆ هەمیشە دەژی
لە یانزەیەمین ساڵڕۆژی ڕزگاربوونی کۆبانێ لە دەستی داعش، لیژنەی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار دەڵێت: ڕۆحی بەرخۆدانی شارەکە بە زیندوویی ماوەتەوە و بە یەکڕیزی و ئیرادەیەک بۆ ئازادی و دیموکراتیک ڕووبەڕووی هێرشی نوێ دەبێتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ئازادکردنی کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٥ ساتێکی مێژوویی سەرەکی بوو، بەو پێیەی دانیشتووانی شارەکە و شەڕڤانان لە سەرانسەری کوردستانەوە توانیان داعش تێکبشکێنن، کۆبانێیان گۆڕی بۆ سیمبولێکی جیهانی بەرخۆدان و یەکگرتوویی کورد.
لە یادی ١١یەمین ساڵڕۆژی ڕزگاربوونی کۆبانێ لە دەستی داعش، کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوای کوردستان ٢٦ی کانوونی دووەمیڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوەو دووپاتی کردەوە کە ئەو هێرشە دڕندانەیەی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا دەستیپێکرد، ئامانجی گرتنی شاری بەرخۆدان بوو.
ڕوونیکردووەتەوە، ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا سات بە سات چاوەڕێی ئەوە بوو کۆبانێ بکەوێت، بەڵام گیانی یەکگرتوویی کورد، پاڵپشتی نێودەوڵەتی، بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە، لەگەڵ ئەو سەفەربەرییە کە لایەنگرانی لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ خۆی ڕاکێشا، سەرکەوتنێکی مێژوویی لە کۆبانێ دروستکرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی دانیان بەو سەرکەوتنە مێژووییە نەناوە کە لە ساڵی ٢٠١٥ لە کۆبانێ بەدەستهات، لەو کاتەوە بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو شارە، هەروەها تورکیا وەک بەشێک لە پلانێکی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ جارێکی دیکە هێرشەکانی بۆ سەر کۆبانێ پەرەپێدەدات و هەمان ئەو گروپانە بەکاردەهێنێت کە داعش و هەتەشەیان پێکهێناوە.
جەختی لەوە کردەوە، کە هەزاران کەس لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و جیهانەوە لە کۆبانێ پەیوەست بوون بە بەرخۆدان و بوێرانە شەڕیان کرد بۆ ڕزگارکردنی و شکستپێهێنانی داعش، دووپاتیان کردۆتەوە، کە هەمان ڕۆح و ئیرادە ئەمڕۆ لە بەرامبەر هێرشە نوێیەکان نوێ دەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەدا، کە شارەکە بەهۆی پچڕانی ئاو و کارەبا و ئینتەرنێتەوە بارودۆخێکی مرۆیی ترسناک بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش وایکردووە منداڵان بەهۆی سەرمای زۆرەوە گیانیان لەدەست بدەن، هۆشداریشیدا کە دۆخی مرۆیی بەرەو کارەسات دەڕوات.
جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ڕۆحی بەرخۆدان لە کۆبانێ بە زیندووی ماوەتەوە و ڕێگە نادات هێرشەکان بەردەوام بن، هەروەها شارەکە جارێکی دیکە هەوڵەکانی دوژمن پووچەڵ دەکاتەوە بەو ڕۆحی خۆڕاگرییەی کە کوردستانی یەکخست و کردی بە نەتەوەیەک بە یەک ئیرادە، ئێمەی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە سوود وەرگرتن لە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانه، بە هەموو هێزی خۆمان بۆ سەرکەوتن و کەرامەت و مانەوە، بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان، داوا لە هەموو ژنانی کوردستان و جیهان دەکەین لە ساڵڕۆژی کۆبانێدا یەکگرتوو بن لە بەرگریکردن لە شاری بەرخۆدان و دەستکەوتەکانی ژنان.