"کۆنگرەی هاوپەیمانی نادا خاڵی دەستپێک بۆ یەکگرتنی بەردەوام"
ژنانی چالاکوانی ئێرانی بەشدارن لە کۆنگرەی هاوپەیمانی نادا کە بۆ دووەمین ڕۆژ بەردەوامی هەیە، تیشکیان خستەسەر پەیوەندی نێوان تێکۆشانی ژنانی ئێران و تەڤگەری ناوچەیی و جیهانی.

سلێمانی
بە دروشمی "بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای شۆڕشی ژنان"، دوێنێ ١٥ی ئایار، یەکەمین کۆنگرەی دوای دامەزراندنی هاوپەیمانی نادا (هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتی هەرێمی) لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد، بۆ دووەم ڕۆژ بە بەشداری نزیکەی ٢٠٠ ژن لە ١٨ وڵاتی ئاسیا و ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامەو تا ١٧ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنگرەکە بریتی بوون لە لێکۆڵینەوە لە ستراتیژییەکانی بەرەنگاربوونەوەی شەڕ و توندوتیژی دژی ژنان، گونجاندنی شۆڕشی ژنان لەگەڵ بارودۆخی جیهانی و بەهێزکردنی پێشەنگایەتی ژنان لە پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتیدا.
لە پەراوێزی کۆنگرەکەدا، مەهدیە میرحەبیبی، چالاکوانی سیاسی کۆنگرەکەی بە ساتێکی مێژوویی پێناسەکرد و وتی: هاوپەیمانی نەدا سەرکەوتوو بوو لە کۆکردنەوەی ژنان لە هەموو جیهان، بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بۆ یەکەمجار، ئەم هاودەنگییە لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆر گرنگە، چونکە ئێمە ڕووبەڕووی زیادبوونی توندوتیژی ڕەگەزی دەبینەوە، کە لە ئەنجامی شەڕ و وێرانکاری لەم ناوچانەدا دروست دەبێت.
ئاماژەی بە کاریگەریی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە ئێران کرد؛ “ژنانی ئێران ئێستا ڕوانگەیەکی کراوەتر و گشتگیرتریان هەیە بۆ خەبات، چیتر ناتوانرێت بەدواداچوون بۆ گۆڕانکاری تەنیا لە سنوورەکانی ئێراندا بکرێت، چونکە پەیوەستبوون بە تەڤگەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئێستا جەوهەرییە”.
"کۆنگرەکە مۆدێلێکە بۆ داهاتووی ژنان لە ناوچەکەدا”
بەسێ شاماری، ئەندامی ئەنجومەنی پلاتفۆرمی دیموکراتی ئێران وتی: ئەم کۆنگرەیە هەلێک بوو بۆ ژنان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی کە ناوچەکەمان لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە شاهیدییەتی.
جەختیکردەوە کە کۆنگرەکە دەتوانێت ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ یەکگرتنی بەردەوام. "هیوادارم هاوپەیمانی نەدا لە ئایندەدا کۆمەڵێک چالاکوان لە نەتەوە جیاوازەکان لە باوەش بگرێت؛ بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کارا ببینێت لە پرۆسەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا، لە ٢٧ی مانگی تشرینی دووەمی دوای بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و دیموکراتی، شاهیدی کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ بووین لە خەباتی ئازادیدا، ئاسۆیەک کە ئازادیی ژنان لێیەوە سەرچاوە بگرن بۆ پێشەوە."
جەختی لە گرنگی پێکەوەگرێدان لە نێوان تەڤگەرەکانی ژناندا کردەوە، چونکە هەموو ئەو تەڤگەرانەی کە ژنان لە پێشەوەن، وەک ئەو بەستەرانەی ناو زنجیرێک بەیەکەوە گرێدراون. ئەم کۆنگرەیە دەتوانێت وەک مۆدێلێکی بچووک و زیندوو بۆ ژنانی ئازادیخواز لە ئێران، وڵاتێک کە فرەچەشنی نەتەوەیی و فەرهەنگییەکی گەورەی هەیە، ساڵانێکە ژنان ڕووبەڕووی ستەم و هەڵاواردن بوونەتەوە، خزمەت بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە سێیەم ساڵیدا نزیک دەبێتەوە. دەڵێت: هەموو کەس دەزانن کە دەنگی ژنانی ئازادیخوازی ئێرانی چۆن گەیشتووەتە جیهان، ئێستا کاتی چەسپاندنی ئەو دەنگە لە دامەزراوە و هاوپەیمانییە ڕاستەقینەیەکاندا هاتووە، هێشتا زۆرێک لە ژنانی دەستبەسەرکراو لە زیندانەکانی ئێران خەبات بۆ ئازادی دەکەن،شانازیم هەیە لەڕێگەی ئەم کۆنگرەیەوە باس لە زەینەب جەلالیان و پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی بکەم، کە بوونەتە دەنگ بۆ بێدەنگەکان، ڕێبازی فەرزاد کەمانگەر و شیرین عەلەم هولی یان زیندوو کردووەتەوە. جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئەوان تەنها کەسایەتی نین، بەڵکو ناوێکن کە هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکن بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا.
ئەوەشیخستەڕوو لە هەر شوێنێک باس لە ئازادی ژنان بکرێت، دەبێت ناوی زەینەب جەلالیان و پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی بەرزبکرێنەوە، ئەمە تەنها ڕێزلێنان نییە، بەڵکو پشتڕاستکردنەوەیەکە، ئێمە پێویستمان بە مۆدێلێکە بۆ بەجیهانیبوونی تەڤگەری ژنان، کە ئەمڕۆ ئیتر تەنها بەرخۆدانێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بووەتە دەنگی هەموو ژنانی ستەملێکراو لە سەدەی بیست و یەکەمدا.