کۆنگرەی دیالۆگی عەرەبی و کوردی لە عەممان بەڕێوەچوو

کۆنگرەی دیالۆگی عەرەبی کوردی بە دروشمی "عەرەب و کورد.. دیالۆگ ڕێڕەوی ئایندەیەکی هاوبەشە"، لە عەممانی پایتەختی ئەردەن بەڕێوەچوو، ئامانجی کۆنگرەکە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی کورد و عەرەب و بنیادنانی ئایندەیەکی هاوبەشە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆنگرەی دیالۆگی عەرەبی و کوردی بە دروشمی "عەرەب و کورد، دیالۆگ ڕێڕەوی ئایندەیەکی هاوبەشە، دوێنێ لە عەممانی پایتەختی ئەردەن بە بەشداری ژمارەیەکی  زۆر لە سیاسەتمەدارانی عەرەب و کورد لە وڵاتانی عێراق، لوبنان، سوریا، ئوردن، فەلەستین، میسر و چەند وڵاتێکی دیکەوە بەڕێوەچوو.

 

لە کۆنگرەکەدا جەخت لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان کورد و عەرەب کرا و باسی لەوەکرد کە مێژووی کورد لە ناوچەکەدا دێرینە و هەمووان درک بەو ڕاستییە دەکەن، جەواد عەنانی، جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی ئوردن بۆ کاروباری ئابووریی وتی: من زۆر حەزم لە دووبارە پێناسەکردنەوەی جیهانی عەرەبییە "سیستمی عەرەبی" بە بوونی پێکهاتەکانی تر لە هەرێمەکاندا و ناسینەوەیان، بۆچی دەوڵەت هەیە بۆ بلوج و ئەرمەنی و ئەوانی تر و هیچ دەوڵەتێکی کوردیی نییە؟، ئەمە پرسیارێکی ڕەوایە بۆ کورد لە بەرامبەر مێژوودا."

 

ئامانجی کۆنگرەکە دروستکردنی دیالۆگی بنیادنەرانەی پێکهاتە جیاوازەکانە

کۆنگرەکە تا ئێوارەی دوێنێ بەردەوام بوو، لە کۆتایی کۆنگرەکەدا ئەنجامنامەی کۆنگرەکە خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە، لەم قۆناغە گرنگ و مێژووییەدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕ و ناکۆکیدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەستکەوتەکانی گەلانی ناوچەکە لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەم کۆنگرەیەمان ئەنجامدا، ئەنجامدانی ئەم کۆنگرەیە لە عەممان دەرخەری ئەوەیە کە ئامانج لێی دروستکردنی دیالۆگێکی بنیادنەرانەیە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکەدا.

 

"لە کۆنگرەکەدا چەندین تەوەر گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، کە ناوچەکە بەهۆیانەوە دووچاری کێشە بوونەتەوە، ڕێکخستنی کۆنگرەکەش هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان گەلانی ناوچەکەدا، هاوکات باس لە چۆنییەتی دەرچوون لە ئاڵۆزییەکانی دەوڵەتانی نەتەوەپەرست، ئاینیی و مەزهەبیدا کرا، کۆنگرەکە گرنگی داوە بە دیالۆگ و ڕوونکردنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەی لەڕێگەی یاسایی و دەستوورییەوە کێشەکان چارەسەربکرێن."

 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆنگرەکەدا گفتوگۆ لەسەر کەلتووری گەلانی ناوچەکە کراوە، هاوکات گرنگیش بە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتی و بنیادنانی دەوڵەتی هاوڵاتیبوون دراوەە، کە بتوانێت ئایندەیەکی لەبار بۆ ناوچەکە بەدیبهێنێت، هاوکات کۆنگرەکە پشتیوانیی پرسی ژن و یەکسانیی ڕەگەزیی دەکات.

 

ت.پ