کۆنگرە ستار: دەبێت بکوژانی ژنان ڕەوانەی دادگای نێودەوڵەتی بکرێن
کۆنگرە ستار ئیدانەی بکوژانی سکرتێری گشتیی حزبی سووریای داهاتوو و کوشتنی ژنانی لە عەفرین کرد و ڕایانگەیاند، ئیدارەیەک قبوڵ ناکەین بکوژانی ژنان و چەتەکان تێیدا بەشدار بن، دەبێت ڕادەستی دادگای نێودەوڵەتی بکرێن.
ناوەندی هەواڵ
کۆنگرە ستار سەبارەت بە ئامادە بوونی بکوژانی هەڤرین خەڵەف سکرتێری گشتیی حزبی سووریای داهاتوو و کوشتنی ژنان و منداڵانی عەفرین لە شام ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لەگەڵ فراوانبوونی ئاستی خەبات و چالاکی ژنان و پڕۆژەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" هێرشەکانی داگیرکەران بۆ سەر هەرێمەکەمان زیاتر دەبن و ئاشکرایە کە نایانەوێت ئەو پڕۆژەیەی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەربکەوێت و ببێتە کێشەیەکی جیهانی.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەتەشە لەوەتەی هاتووەتە ناو شاری حەلەب، حومس، دیمەشق و لازقیە ڕۆژانە بڕیار لەسەر بوونی ژنان و ناسنامە و زمان و شۆڕش و مێژوویان دەدات و ئەمەش پێچەوانەی ئیرادەی ئازادی ژنانە و دەیانەوێت ژنان بێدەنگ بکەن.
ئەوەشی تێدا هاتووە: هەوڵدەدرێت سووریایەکی پیاوسالاری لەسەر حسابی ژنانی ئازاد بنیات بنێن، ئێمە قبوڵ ناکەین بکوژانی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان بمێننەوە،هەروەها ڕژێمێک بە سەرکردایەتی سەرکردە بەکرێگیراوەکان قبوڵ ناکەین بێدەنگ نابین لە بڕیارەکانی شام، دەبێت ئەو کەسانە ڕادەستی دادگای نێودەوڵەتی بکرێن، شوێنی ئەوان بەڕێوەبردنی سووریا نییە، بەڵکو ئامادەبوونە لە دادگا.
لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ هەتەشە کۆنفرانسێکی لە شام بەناوی سەرکەوتن ڕێکخست کە تێیدا عەقڵییەتی دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی زاڵ بوو.